پەکەکە پردێکی زەمینی بۆ ئێران دەکاتەوە تاوەکوو بە سنوورەکانی سووریا بگات
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە گەڕاونەتەوە قەندیل و دواتر سەرکردایەتیی پەکەکە، هەڵگیرساندنی شەڕ لە دژی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاوتوێ دەکات.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەرپرسانی مەیدانیی پەکەکە لە دەڤەری ڕانیە ئاشکرایان کردووە، هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بە پەکەکەیان ڕاگەیاندووە، هەر کاتێک شەڕ لە دژی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرسێنێت، ئەوان لە شارەکانی سنووری هەرسێ پارێزگای (سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجە) هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان و بەو هۆیەوە کێشەکە گەورەتر دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پەکەکە ئێستا هێزەکانی لە باشووری کوردستان زیاد دەکات و جگە لەو سەدان چەکدارەی کە پێشتر لە سنووری کەرکووک و مەخموور هەیبوو، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بە یارمەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەیان چەکداری دیکەی پەکەکە بۆ کەرکووک و مەخموور گواستراونەتەوە، سەرەڕای ئەوەش، پەکەکە هێزەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی بادینان و شنگال و مەخموور زیاد کردووە.
هەمان سەرچاوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئامانجی سەرەکی لەم جموجۆڵەی پەکەکە، جێگیرکردنی تەواوەتیی پەکەکە لە دەوری ئەو ڕێڕەوەی کە بە (کۆریدۆر) ناسراوە و سنوورەکانی ئێران بە هاوبەشی لە نێوان پەکەکە و حەشدی شەعبییەوە، بە سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا دەگەیەنێت. لەم ڕێگەیەشەوە ئێران دەتوانێت بە شێوەیەکی زەمینی پشتیوانییەکانی بۆ ئەو هێزانە بنێرێت کە لە سووریادا شەڕ بۆ بەرژەوەندییەکانی دەکەن.
نەخشەیەکی شیکاری ئامادە کردووە کە بەپێی نەخشەکە دەردەکەوێت، لە ناوچەکانی خانەقین و کفری و باشووری کەرکووک، لە هەندێک ناوچە حەشدی شەعبی و لە هەندێک ناوچەی دیکەش، هێزەکانی پەکەکە جێگیر کراون، هێڵەکە درێژ دەبێتەوە و لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر بە دووری 65 کیلۆمەتر، هێزەکانی پەکەکە لە زنجیرە چیاکانی (قەرەچووخ) جێگیر کراون. لەوێشەوە هێڵەکە بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری زێی گەورە و باشووری مووسڵ دەچێت کە هێزە عێراقییەکانی ژێر کاریگەریی حەشدی شەعبی هەن و دواتر بۆ ڕۆژئاوای مووسڵ کە هێزەکانی حەشدی شەعبی تێیدا شەڕ دەکەن، لەوێشەوە هێڵەکە بۆ ئەوپەڕی ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لە سنووری قەزای شنگال دەچێت کە زیاد لە دوو ساڵە هێزەکانی پەکەکە دەستیان بەسەردا گرتووە و تا دەگاتە ڕۆژئاوا کوردستان کە خۆیان کۆنتڕۆڵیان کردووە. بەم جۆرەش کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت لە سنوورەکانی خۆیەوە تا سنوورەکانی سووریا، هێڵێکی دڵنیایی بۆ گەیشتن بە سووریا هەبێت.
باسنیوز
