زیاتر لە 100 چەکداری پەکەکە لە شنگال پەیوەندیی بە پێشمەرگەوە دەکەن
عەمید سمێ بۆسەڵی، جێگری فەرماندەی شنگالی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دوای هێرشکردنە سەر پێشمەرگە، چەکدارانی کوردی ئێزدی لە ریزەکانی پەکەکە ”رووی راستەقینە“ی ئەو حزبەیان بۆ دەرکەوت، کە هەوڵ دەدات ”زیان بە کوردانی ئێزدی بگەیەنێت“.
عەمید سمێ بۆسەڵی هەروەها رایگەیاندووە، هێزەکانی پێشمەرگە لێژنەیەکیان بۆ پێشوازیکردن لەو چەکدارانەی پەکەکە پێکهێناوە، کە ژمارەیان لە 100 چەکدار زیاتر دەبێت و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندییان بە پێشمەرگەوە کردووە.
ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە فۆرم بۆ ئەو چەکدارانەی پێشووی پەکەکە ئامادە کراوە و دەبنە پێشمەرگەی کوردستان و مووچە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
باسنیوز
