له سلێمانى جه‌ژنى چوارشه‌ممه سوره‌ى زه‌رده‌شتییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو
ئاسره‌وان قادرۆك، له ناوه‌ندى زهردهشتییهكانى كوردستان، له‌لێدوانێكدا بۆ (باس‌نیوز) گوتى:" جه‌ژنى (چوارشه‌ممه سووره) جه‌ژنێكى تایبه‌ته به زه‌رده‌شتییه‌كان، ئێمه له‌م ڕۆژه‌دا هه‌موومان كۆده‌بینه‌وه و به‌خۆشى و شادى جه‌ژن به‌ڕێده‌كه‌ین".
گوتیشى :" له‌م جه‌ژنه‌دا، خواردنى جۆراو جۆر ئاماده ده‌كرێت، هه‌روه‌ها حه‌وت ئاگر ده‌كرێته‌وه، دیاره مه‌به‌ست له‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و ئاگره بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌درێژاى ئه‌و ساڵه هه‌موو ئه‌و ئازیزانه‌ى ئێمه كه مردوون له كۆتا چوارشه‌ممه‌ى ساڵدا ڕۆحه‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه ناو ئێمه، ڕۆحى ئازیزانمان ئاره‌زووى ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ئێمه ته‌ندرووست و خۆشحاڵ بین، بۆیه له‌كاتى دڵخۆشى و ئاهه‌نگگێڕانى ئێمه ڕۆحى مردوه‌كانمان ئاسووده ده‌بێت".
ئاسرهوانى زه‌رده‌شتیه‌كان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، كه له ئایینى زه‌رده‌شتیدا 35 جه‌ژنى ئایینى، نیشتمانى، فه‌رهه‌نگى، و كلتوى هه‌یه و هه‌موو په‌یڕه‌وكارانى ئایینه‌كه به‌خۆشحاڵییه‌وه پێشوازى له‌و جه‌ژنانه ده‌كه‌ن.
BAS NEWS-
