لە توركیا ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە سێ ملیۆن نزیك دەبێتەوە

لە توركیا ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە سێ ملیۆن نزیك دەبێتەوە
دوو ملیۆن و ٩٥٧ ھەزار پەنابەری سووری کە لە تورکیا دەژین، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەی کۆچی تورکیا بە سیستەمی بایۆمەتری نێویان تۆمار کراوە.


بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگەی کۆچی تورکیا لە ھەژماری فەرمی خۆی لەسەر تویتەر ئاماری تۆمارکردنی پەنابەر سوورییەکان و ئەو کۆچبەرانەی دەستگیر کراون و ئەو بیانیانە مۆڵەتی نشینگەیان لە تورکیا پێدراوە، بڵاوکردەوە.


لە تویتەکەدا ئاشکرا کراوە کە لەکۆی دوو ملیۆن و ٩٥٧ ھەزار و ٤٥٤ سووری، ملیۆنێک و ٥٨٠ کەسیان پیاو و ملیۆنێک و ٣٧٦ کەسیش ئافرەتن کە بە سیستەمی بایۆمەتری نێویان تۆمار کراوە.


لە ساڵی ٢٠١١ بەو لاوە بەردەوام پەنابەرانی سووری لە تورکیا زیادی کردووە. لە ساڵی ٢٠١٢دا ١٤ ھەزار و ٢٣٧ کەس وەک پەنابەری کاتی وەرگیرا کە ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ دوو ملیۆن و ٩٥٧ ھەزار و ٤٥٤ کەس بەرز بووەوە.


لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تاوەکو ئێستە ٢٨٢ ھەزار و ٥١٨ کەس بەھۆی چەندین ھۆکارەوە، داوای پەنابەریەتی نێودەوڵەتییان لە تورکیا کردووە.


لە ساڵی ٢٠٠٥دا دوو ھەزار و ٩٣٥ کەس و لە ساڵی رابردووش ٦٦ ھەزار و ١٦٧ کەس داوای پەنابەریەتی نێودەوڵەتیان لە تورکیا کردووە.



BAS NEWS-
Top