لە خورماتوو، خانەقین، هەڵەبجە و شارەزوور گەنجانی كورد بۆ حەشدی شەعبی ناونووس دەكرێن

لە خورماتوو، خانەقین، هەڵەبجە و شارەزوور گەنجانی كورد بۆ حەشدی شەعبی ناونووس دەكرێن
بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاشكرای کرد، گرووپە شیعەكان لە سنووری خورماتوو، خانەقین، هەڵەبجە و شارەزوور دەستیان كردووە بە ناونووسكردنی گەنجانی كورد بۆ نێو ڕیزەكانی حەشدی شەعبی و ئەمەش پڕۆژەیەكە بۆ لێدانی پڕۆژە نیشتمانییەكەی كورد و هەنگاوەكانی سەربەخۆیی..هاوکات بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سنووری کەرکووکیش دەستکراوە بە ناونووسکردنی کوردانی کاکەیی بۆ نێو حەشدی شەعبی.


بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشكرای کرد (ئەحمەد عەزیز) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''گرووپە شیعەكان لە سنووری خورماتوو، خانەقین، هەڵەبجە و شارەزوور دەستیان كردووە بە ناونووسكردنی گەنجانی كورد بۆ نێو ڕیزەكانی حەشدی شەعبی. بارەگای سەرەكیی حەشدی شەعبی لە گوندێكی باكووری شاری خورماتووە و لەوێوە چەك و ئۆتۆمبێل و ئازووقە و چەندین پێداویستیی تریان بەو ناونووسكراوانە داوە.''

بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی ڕوونی كردەوە: ''بەداخەوە، چوونە نێو ڕیزەكانی حەشدی شەعبی وەكو عەیب و عار نەماوە، كاتێكیش پرسیار لەو كوردانە دەكەی، بۆچی ئەو كارە دەكەن، باس لە قەیرانی دارایی دەكەن و بەهانەی ئەوە دێننەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو پێویست بە هانایانەوە نەهاتووە و لە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەدا دایاننامەزرێنن. باشە خۆ ناكرێت حكوومەتی هەرێم هەموو میللەتی كورد بكاتە پێشمەرگە و ئەمە تەنیا بەهانەیە.''


(ئەحمەد عەزیز) ئاشكرای كرد: ''گرووپە شیعەكان هەرشتێك لە بەرژەوەندیی بیر و باوەڕ و سیاسەتی خۆیاندا بێت، دەیكەن، بۆیە زۆر گرینگە لایەنی كورد خەم لەم بابەتە بخوات. بەداخەوە، بەهۆی ئەو ململانێ سیاسییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، لایەنی كورد وەكو پێویست ئاوڕی لەم بابەتە مەترسیدارە نەداوەتەوە. لە لایەكی ترەوە، چەن لایەنێكی كورد و چەند میدیایەك لە سەرەتای دامەزرانیانەوە بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی بەها نەتەوەیییەكان كار دەكەن و وایان لەو گەنجانە كردووە، پەنا بۆ هەر خیانەتێكی نەتەوەیی ببەن و هەستی پێ نەكەن و پیرۆزییەكانی نیشتمانیان لێ ون ببێت.''

بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دەشڵێ: ''ئەم هەنگاوەی گرووپە شیعەكان پڕۆژەیەكە بۆ لێدانی پڕۆژە نیشتمانییەكەی كورد و هەنگاوەكانی سەربەخۆیی، كە (سەرۆك بارزانی) کاریان بۆ دەکات، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كورد ناكۆكییەكانیان وەلابنێن و دەستی دوژمنان لەنێو خۆیاندا ببڕن و بە یەك گوتار و یەگرتوویییەكی پتەو هەنگاوەكان بهاوێژن، بۆ ئەوەی شكست بەم پیلانە و دەیان پیلانی تری دژ بەم نەتەوەیە بێنن.''

لای خۆیشیەوە (لوقمان کاکەیی)، کارگێڕی لقی 3ی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ماوەیەکە لە سنووری قەزای داقووق لەلایەن بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە دەست کراوە بە تۆمارکردنی ناوی خەڵکی ناوچەکە بۆ نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی ناونووسکردنی کوردانی کاکەییی ناوچەکە، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر داھاتووی سنووری کەرکووک و داقووق، چونکە ھێزی پێشمەرگە لە سنوورەکەیە و ئەگەر ھێزی دیکە پەیدا ببێت، مەترسی دروست دەبێت و ناکرێت دوو ھێزی جیاواز بەو شێوەیە لە ناوچەکەدا هەبن.''

(کاکەیی) گوتیشی: ''مەبەست لە ڕاکێشانی کوردانی کاکەیی بۆ نێو حەشدی شەعبی لەلایەن حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبیەوە ڕوونە و دەیانەوێت کێشە بۆ کورد دروست ببێت. ئەوان خراپیی باری ئابووریی ھاووڵاتیانی ناوچەکەیان قۆزتووەتەوە و ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە، زیاتر ئەو خەڵکەن، کە تەمەنیان زۆرە و بەدوای مووچەدا دەگەڕێن، بەڵام تا ئێستا نازانین چەند کەس ناویان تۆمار کردووە و لیواکە دامەزراوە یان ھێشتا ماوە.''
KDP-
Top