چاودێران: پەکەکە دژایەتیی ئاشکرای بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەربڕیوە
(د. حەسەن شەهاب)، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''پێویستە گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان، بەتایبەتی لە باكوور و باشووری كورستان خۆیان وشیار بكەنەوە و ڕێ نەدەن (پەكەكە) چی دیكە، زیان بە ناوبانگی گەلی كورد بگەینێت؛ پێویستە گەلی كورد چی دیكە خۆ بێدەنگ نەكات، لایەنە سیاسییەكان خۆیان بكەنە یەك و ڕێ نەدەن سەركردایەتیی (پەكەكە) بۆ مەرامی خۆیان و وڵاتانی ناوچەكە، كوردستان تێك بدەن. (پەكەكە) جگە لە نەیارانی كورد گوێ بە هیچ كەس و لایەنێك نادات، پێویستە گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان دژی سیاسەتە چەوتەكانی (پەكەكە) بوەستێت و ڕێ نەدات بۆ مەرامی خۆی ڕۆژئاوا تێك بدات.''
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی: ''ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەكرد، (پەكەكە) ئەوەندە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، چونكە ئێمە، هەموومان یەك نەتەوەین. ئەوان كێشەیان لەگەڵ حكوومەتی توركیا هەیە و پێویستە خەباتی خۆیان لەو بەشەی كوردستان بكەن، بەڵام بە مەرجێك لە بەرژەوەندیی ئەوان و گەلی كورددا بێت، بەڵام نابێ كارێك بكەن، كە كاریگەریی خراپی لەسەر گەلی كورد و هەرێمی كوردستان هەبێت.''
مامۆستا (سەوری محەمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەندێك شت لە هەرێمی كوردستان هەن، هێلی سوورن، نابێ لایەنە سیاسییەكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەستی بۆ ببەن، بەڵكو دەبێ لایەنە سیاسییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان ئەوەیان لەبەرچاو بێت، كە سوود لە هەرێمی كوردستان و ئەزموونەكەی وەردەگرن و هەرێمی كوردستان بەردەوام پشتگیری لە خەبات و تێكۆشانی ئەوان دەكات. ئۆمێدەوارین گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕزگار بێت و بە ئاواتەكانی خۆی بگات، ئەگەر ئەوان لەسەر ڕێچكەی ڕاست بڕۆن هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیرییان دەكات، وەك چۆن لە ڕابردوودا پشتگیریی كردوون، باشترین نموونەش ناردنی هێزی پێشمەرگە بوو بۆ كۆبانێ و ڕزگاركردنی ئەو شارە لە دەستی تیرۆریستان.''
مامۆستا (سەوری محەمەد) دەشڵێ: ''پێویستە (پەكەكە) خۆی وشیار بكاتەوە و نەبێتە كارتێكی سیاسی لە دەستی هەندێك وڵاتی ناوچەكەدا بۆ ئەوەی دژی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد لە پارچەكانی دیكە بوەستێتەوە، چونكە وەك دەزانین (پەكەكە) زۆرجار باسی لەوە كردووە، كە دژی ئەوەیە كورد لە هەرێمی كوردستان سەربەخۆییی خۆی وەربگرێت و ببێتە دەوڵەت، پێویستە بەرژەوەندیی گەلی كورد لەبەرچاو بگرن، چونكە هەرێمی كوردستان بووەتە بنكەیەك بۆ بەرگریكردن لە گەلی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، بۆیە (پەكەكە) مافی ئەوەی نییە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بوەستێتەوە.''
KDP-
