مەلا بەختیار: بە پەکەکەمان گوت کێشەکەی شنگال بە سیاسی چارەسەر بکەن

 مەلا بەختیار: بە پەکەکەمان گوت کێشەکەی شنگال بە سیاسی چارەسەر بکەن
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یان ڕاگەیاندووە کە کێشەی شنگال بە سیاسی چارەسەر بکەن.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای تۆمارکردنی ناوەکەی لە پرۆسەی بایۆمەتری ئەنجامی دا، وە لەبارەی شەڕهەڵگیرساندنی پەکەکە لە خانەسۆر دایەوە و ڕای گەیاند: ”ئەوەی لە شنگال ڕووی دا، ئێمە لە پێرارەوە پێشبینی ئەمەمان کردووە. یەکەمین حزب کە قسەمان کردووە، قەندیل و پەکەکە و پەیەدە بووە و ڕای ڕاشکاوی یەکێتیمان پێ گوتوون کە دەبێت ئەو کێشەیە بە سیاسی و ئیداری و ڕێککەوتن چارەسەر بکرێت. ناکرێت ئەو کێشەیە پەکەکە و پارتی و پەیەدە بۆ شەڕ ڕابکێشرێت“.

بە گوتەی مەلا بەختیار، یەکێتی ”یەک بست لە پشتیوانیکردنی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان پاشەکشە“ ناکات، بەڵام ”نابین بە بەشێک لە کێشەی هیچ حزبێک لە دژی هیچ حزبێکی دیکە“.

هیوای ئەوەشی خواست کە گفتوگۆکان دەست پێ بکرێن و ئەو کێشەیەش چارەسەر بکرێت. هۆشداریی ئەوەشی دا کە ئەگەر دۆخەکە ”لێکترازان“ی لێ بکەوێتەوە، ئەوا ئەگەری ڕووداوی پێشبینی نەکراو دێتە پێشەوە.

ڕۆژی 3\3\2017، هێزەکانی پەکەکە لە ناوچەی خانەسۆر لە سنووری شاری شنگاڵ، شەڕیان لەدژی هێزێکی پێشمەرگەی ڕۆژ کە سەر بە پێشمەرگەی زێرەڤانییە، هەڵگیرساند و دواتر سەعید حەسەن، فەرماندەی پەکەکە لە شنگال، لە میانی گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە مالیکی، ڕای گەیاند: ”شەڕەکەمان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە و خۆمان بۆ شەڕێکی گەورەتر ئامادە دەکەین، ئێمە عێراقین و قەبوڵ ناکەین شنگال بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوردستان ڕابگەیەندرێت“.







باسنیوز
Top