ترەمپ لەگەڵ عەبادی و نوێنەری هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

 ترەمپ لەگەڵ عەبادی و نوێنەری هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە پەراوێزی سەردانەکەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ عەبادی و نوێنەرەکەی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە 13\3\2017، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندبوو: ”پاش ئەوەی ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان گازاندەی بەرامبەر بە بەشدارینەکردنی کورد لە کۆنگرەکە دەربڕی، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار، نوێنەری هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە کۆنگرەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بەشداری دەکات“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات و وتارێکیش بە فەرمی لەبارەی شەڕی داعش و دوای داعش پێشکەش دەکرێت.

بڕیارە ڕۆژی 22\3\2017، لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نوێنەرانی باڵای 68 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، کۆببنەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرپەرشتی کۆنگرەکە دەکات و پرسی کاری سیاسی بە مەبەستی زەمینەسازی بۆ سەقامگیری لە عێراق و سووریا و تێکشکاندنی دوو سەرەکیترین پێگەکانی داعش لە عێراق (مووسڵ) و سووریا (ڕەقە) تاوتوێ دەکرێت، لەگەڵ باسکردن لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت کە داعش بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی بۆ چوونە نێو ڕیزەکانی بەکاریان دەهێنێت. لەمبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، بڕیاریشە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گرووپێکی کارکردن پێک بهێندرێت کە نوێنەرانی سەربازیی سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە لەخۆ دەگرێت، تاوەکوو بڕیارەکانی کۆنگرەکە جێبەجێ بکەن.








باسنیوز
Top