موسڵ؛ هێزە عیراقییەكان كۆنتڕۆڵكردنەوەی پردێكی دیكەیان راگەیاند
19ی شوباتی ئەمساڵ قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ دەستیپێكرد، لەماوەی چەند هەفتەی رابردووشدا هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و یەكەكانی بژاردەی وەزارەتی ناوخۆ بەرەوپێشچوونی بەرچاویان لەخۆرئاوای موسڵ بەدەستهێناوە.
فەریق رائید شاكر جەودەت فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی بەخەندان-ی راگەیاند، هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی پردی كۆن-یان لەسەنتەری شاری موسڵ كۆنترۆڵكردووەتەوە، لەئێستاشدا بەرەوە گەڕەكی رەئس خۆر پێشڕەوی دەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانیان لەناوچەی باب جەدید بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتیان كۆنتڕۆڵكردووە.
هێزە عیراقییەكان حەوتی ئەم مانگە، كۆمەڵگەی حكومی و بینای چەندین فەرمانگەی دیكەیان لەموسڵ كۆنتڕۆڵكردەوە.
یەكشەممەی ڕابردوو هێزەعێراقییەكان كۆنتڕۆڵكردنەوەی سەدای 30ی بەشی ڕۆژئاوای موسڵ-یان ڕاگەیاندو تائێستا لە كۆی 40 گەڕەك 17 گەڕەك لەوبەشەی شارەكە كۆنتڕۆڵكراوەتەوە
لەمانگی رابردوودا و دوای 100 رۆژ لەدەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ هێزە عیراقییەكان توانییان بەتەواوی بەشی ڕۆژهەڵاتی موسڵ كۆنتڕۆڵبكەنەوە.
خەندان-
