بەرپرسی لقی شنگالی پارتی: پەکەکە منداڵ لە دژی پێشمەرگە بەکار دەهێنێت

 بەرپرسی لقی شنگالی پارتی: پەکەکە منداڵ لە دژی پێشمەرگە بەکار دەهێنێت
بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی پەکەکەوە دۆخی شنگال ئاڵۆز بووە و دەیانەوێت کێشە و گرفت بۆ ئیدارەی شارەکە دروست بکەن.



وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: پەکەکە دۆخی شارەکەی ئاڵۆز کردووە، دوێنێ بە بیانووی جۆرا و جۆر، خەڵکی خۆیان لە کەمپ و لە شوێنەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە هێناوەتە شنگال و خانەسۆر، دەیانەوێت لەو رێگایەوە فشار لەسەر هێزی پێشمەرگە و ئیدارەی کوردستان دروست بکەن لە شنگال، بۆ ئەوەی مەرامی سیاسیی خۆیان بهێننە دی”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە: "پەکەکە سەرئێشەیە، خەڵک دەکاتە قەڵغان و منداڵ فریو دەدات و بەکاریان دەهێنێت، لە گربوونەوەکەی دوێنێ سێشەممە 14\3\2017، پەکەکە جۆرەها منداڵیان بەکارهێنا بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگە، ئەمە فیتنەی شەڕی ناوخۆیە و پەکەکە دەیکات". گوتیشی: “دەبێت پەکەکە شنگال چۆڵ بکات و واز لەو شارە بهێنێت”.





ڕۆژی 3\3\2017، هێزەکانی پەکەکە لە ناوچەی خانەسۆر لە سنووری شاری شنگاڵ، شەڕیان لەدژی هێزێکی پێشمەرگەی ڕۆژ کە سەر بە پێشمەرگەی زێرەڤانییە، هەڵگیرساند و دواتر سەعید حەسەن، فەرماندەی پەکەکە لە شنگال، لە میانی گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە مالیکی، ڕای گەیاند: ”شەڕەکەمان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە و خۆمان بۆ شەڕێکی گەورەتر ئامادە دەکەین، ئێمە عێراقین و قەبوڵ ناکەین شنگال بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوردستان ڕابگەیەندرێت“.







باسنیوز
Top