سەرکردەیەکی یەکێتی بۆ پەیەدە: دەبێ هێرشکردنە سەر بارەگاکانی ئەنەکەسە ڕابگرن
ئەمڕۆ چوارشەممە 15\3\2017، ڕەهبەری سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: هێرشکردن بۆ سەر بارەگاکانی ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئاکامی نابێت، ناشبێتە هۆکارێک بۆ یەکڕیزی و تەبایی گەلی کوردستان، جگە لە ماڵوێرانی و تێکدانی یەکڕیزیی ناوماڵی گەلی کوردستان، هیچ دەرئەنجامی نابێت”.
ڕەهبەری سەید برایم جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو ئەزموونە، تاقی کراوەتەوە و دەڵێت: “نەک شکستی هێناوە، بگرە بەخراپ شکاوەتەوە. دەبێت پەکەکە و لایەنەکانی ڕۆژئاوا بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و کۆتایی بەو هێرشانە بهێنرێت".
پاش ئەوەی لە ڕۆژی 3\3\2017، چەکدارانی پەکەکە لە کۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بە شاری شنگال، شەڕیان لە دژی هێزی پێشمەرگە هەڵگیرساند، لە بەرامبەریشدا لەناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستاندا هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ سووتاندنی بارەگاکانی لایەنە کوردستانییەکان دەست پێ کرد.
باسنیوز
