عه‌قید له‌میعه: پاش زیاتر له مانگێك ئافره‌ته كوژراوه‌كه‌ى خانه‌قین نه‌ناسراوه‌ته‌وه
عه‌قیدى یاسایی "له‌میعه محه‌مه‌د" به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به ئافره‌تان له گه‌رمیان به (باس‌نیوز) ى ڕاگه‌یاند :" پاش تێپه‌ڕبوونى زیاتر له مانگێك به‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمى ئافره‌تێك كه له نێو ئاوه‌ڕۆى گه‌ڕه‌كى به‌ختیارى شارى خانه‌قین، دۆزرایه‌وه، تا ئێستا ناسنامه‌ى ژنه‌كه ئاشكرا نه‌كراوه و بكوژه‌كه‌شی دیار نییه".
گوتیشی :" ته‌رمى ژنه‌كه ڕه‌وانه‌ى پزیشكى دادوه‌رى دیاله كراوه و سامپڵیشی نێردراوه بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستى ناسینه‌وه‌ى، به‌ڵام تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌یه‌وه بۆ بنكه‌ى پۆلیسی به‌ختیارى شارى خانه‌قین، نه‌نێردراوه".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تا ئێستا ئه‌نجامى توێكارى پزیشكی‌یان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، بۆیه نازانن ئافره‌ته‌كه به‌چی كۆتایی به‌ژیانی هێنراوه، گوتیشی :" ته‌رمه‌كه‌ى له پزیشكى دادوه‌رى دیاله‌یه و تا ئێستا نه‌نێژراوه".
ڕۆژى 6ى شوباتى 2017 ته‌رمى ئافره‌تێك له ئاوه‌ڕۆى گه‌ڕه‌كی به‌ختیارى شارى خانه‌قین دۆزرایه‌وه.
bas news -
