پەروێز ڕەحیم: پەکەکە دەوڵەتی کوردستان وەک بەربەست بۆ خۆی دەبینێ.. ستراتیژی ناوچەیی جێبەجێ دەکات
لە شنگال و لە قەندیل پەکەکە لە نانەوەی کێشە خۆی ناپارێزێ و ئەو کێشانەی کە دەشیاننێتەوە پەیوەندییان بەوەوە نییە کە هەرێمی کوردستان یان پێشمەرگە کێشەی بۆ پەکەکە نابێتەوە، بەڵکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە سینگفراوانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بەڵام وەک زۆێک لە سیاسی و ڕۆشنبیران لەوەتەی چەتەکانی پەکەکە پەلاماری پیشمەرگەیان دا لە خانەسۆر، ڕاشکاوانە پەردە لە ڕووی پەکەکە دادەماڵن و دەڵێن، ئەوەی پەکەکە دەیکات، بۆی دانراوە کێشە بنێتەوە و دژایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
پەیوەست بەم پرسە، (پەروێز رەحیم) بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە گشتی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) پاش بەندکردنی ڕێبەرەکەیان (عەبدولڵا ئۆجەلان) تووشی پارادۆکسی فکری و پراکتیکی بوون. لەلایەک گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا و ناوچەکە و لەلایەکی تریشەوە گۆڕانکاری لە ھزرەکانی (بەرێز ئۆجەلان) و ھێنانەئارای پرسی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیکی گەلان و، ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی وەکوو چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو دەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە. پەکەکە بۆ دەربازبوون لە گوشارە جۆراوجۆرەکان، ھەوڵی داوە کە یاریی بە کارتی ململانێ و ناکۆکیی وڵاتانی ھەرێمی بکات."
(پەروێز رەحیم)ـیش وەک هەر چاودێر و ئاکادیمیستێک نایشارێتەوە کە، جۆری سیاسەتی پەکەکە وادەکات کە لەلایەن ھێزە ھەرێمییەکانەوە، بەتایبەت (کۆماری ئیسلامی ) لە ھاوکێشە ژیۆپۆلیتیکییەکاندا یاری پێبکرێت و گوتی "ئەمە وایکردووە کە لەلایەک کیانی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە سەردەمی دروشمی (دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی یەکپارچە) پێش بەندکرانی (ئۆجەلان) و قۆناغی دوواتریش لە پاش گۆڕانی ستراتیژی ئەم پارتە و پاشەگەزبوونەوە یاخوود وەچەرخان لەم بیرۆکەیە و ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی، وەکوو مۆدێلێکی سەرەنجراکێش ببێتە کۆسپ لەبەردەم بیرۆکە و پراکتیککردنی ئەم ستراتیژیانەی پەکەکە. بۆیە لە ھەر دوو قۆناغدا ئێمە دژایەتی و جەنگی نێوان پەکەکە و ھێزە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان دەبینین، ئەمەش دەتوانێت لەلایەک بگەرێتەوە بۆ ململانێی ستراتیژی نێوان ھزری پەکەکە و ھزری دەسەڵاتدارییەتی لە باشوور و ھەروەھا ھاندانی دەوڵەتانی ھەرێمی بۆ لاوازکردنی ئەزموونی حوکمرانیی ئێستای باشووری کوردستان و، لەمەش گرینگتر کۆسپ دروستکردن لەبەردەم بەدەوڵەتبوونی کوردستانی باشوور، لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئایدۆلۆژیای پەکەکە دەرھاویشتەی پاوانخوازی لێ دەکەوێتەوە و ئەم ئایدۆلۆژیا و دیسکۆرسەش ناتوانێت ئەوە قبووڵ بکات کە ھێزی تر خاوەن دەستەڵات و نفووز بێت. بۆیە بە توندی دژی ھێزی پارچەکانی تری کوردستانیش ھەڵوێست و تەنانەت بەریەککەوتن ڕوو دەدات."
پەکەکە لەوا بارودۆخێکدا کە گەورەترین پارچە، باکووری کوردستانی دووچاری شکستێکی گەورە کرد و ئەوێی چۆڵ کردووە و دەیەوێت کێشە بۆ هەرێمی کوردستانیس بنێتەوە، بۆئەو مەبەستەش وەک چاودێرانی سیاسی باسی لێ دەکەن، هەماهەنگییەکی باشی لەگەڵ ئێران و لەگەڵ (مالیکی) و بەشێکی هێزە سیاسییەکانی باشووریش هەیە و ئامانجیش لێی، دروستکردنی گوشارە لەسەر (بارزانی) و هاوبیرانی کە دامەزاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە لە باشووری کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوەی فەرمی و هێزی پێشمەرگەی هەیە و لە تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان مافی خۆیانە کە چالاکییان هەبێ و سنوورەکان بپارێزن و وڵات بەڕێوەبەرن، لەبەرانبەردا پەکەکە کە هێزێکی میوانە، نابێت دەست وەربدات لە کاروباریانەوە بەڵام وەک ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان گوتی: "لە ڕاستیدا پەکەکە بە دروستکردنی ھێز و گرووپی چەکدار بۆ باشووری کوردستان، دەیەوێت ھەژموونی خۆی بسەپێنێت و لەم ریگەشەوە ستراتیژی ناوچەیی خۆی جێبەجێ بکات. ئەوەی کە لەبەردەم ئەم ستراتیژییەش ڕێگرە دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستانە. چونکە ئەم دامەزراوانە (سەرەرای ھەموو کەموکورتییەکانیان)، دەربڕ و بەرجەستەکەری ھزر، سیاسەت، ئامانج، ستراتیژی، ئەجێندا و بە گشتی جیھانبینییەکن کە لەگەڵ ھزر و ستراتیژی و دیسکۆرسی رێبەرایەتیی پەکەکە ناتەبایە. بۆیە ئەگەر ھەر ھێز و دەسەڵاتێک لە دەرەوەی ئەم چوارچیوەیەی پەکەکە بێت، ئەوا بە ئەوەی تری ناسنامەیی پەکەکە و تەنانەت دوژمن و نەیاری سەیر دەکرێ."
هەروەک دیارە، پەکەکە وازی لە هەموو هەوڵێکی نەتەوەیی هیناوە، بە کردار سەلماندوویانە کە ئەوان دژی سەربەخۆییی کوردستانن و رێگەش نادەن سەربەخۆیی هەبێت، لەجیاتی ئەوە گوایە هەموو گەلان لە سیستەمێکی دیموکراتدا بژین، ئینجا نە پەکەکە حزبیکی دیموکرات نە لە دیموکراسی دەزانێ نە ڕێگەشی پێدراوە لە هیچ شوێنێک ئەو ئەلتەرناتیڤە بەرجەستە بکات.
(پەروێز رەحیم) لەمبارەوە گوتی: "بە گشتی تا ڕێبەرانی پەکەکە لەسەر ئەم دیسکۆرس و ستراتیژی و ناسنامەیە بەردەوام بن، ئەوە بوونی کیانێکی سیاسی و یاساییی کوردی لە باشووری کوردستان و پاشان دەوڵەتی کوردستان، وەکوو لەمپەر و بەربەست دەبینن، چونکە پەکەکە سنووردار دەکات."
kdp-
