موئەید تەیب: حکوومەتی ھەرێم دەیەوێ لەڕێی ئاشتییەوە کێشەی پەکەکە لە شنگال چارە بکرێت

موئەید تەیب: حکوومەتی ھەرێم دەیەوێ لەڕێی ئاشتییەوە کێشەی پەکەکە لە شنگال چارە بکرێت
چاودێرێکی سیاسی پێی وایە، بەپێی دەستووری عێراق، ھەرێمی کوردستان سەروەریی خۆی ھەیە و، نەک ھێزی دەرەکی، بگرە ھێزی عێراقیش نابێ، بەبێ بڕیاری پەرلەمان بێتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە و، دەڵێ، مانەوەی (پەکەکە) لە شنگال دوژمنایەتییەکی ئاشکرای شنگالە و پێویستە زیاتر لەوە لە ناوچەکەدا نەمێننەوە، چونکە بە مانەوەی (پەکەکە) ئارامی بۆ شنگال ناگەڕێتەوە.

(موئەید تەیب)، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان سەروەریی خۆی لەنێو عێراق و دەرەوەی عێراقدا هەیە و، ئەو سەروەرییەش لە سۆنگەی هەبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوەیە، کە نوێنەری ھەڵبژێردراوی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە و ھێزی سەربازی و ئەمنیی تایبەت بە خۆی ھەیە؛ هەبوونی ھەرھێزێکی دیکە، کە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە هاتبێت؛ هێزی کورد بێت، یان هی خەڵکی دیکە بێت، زێدەڕۆییە بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەروەریی ھەرێمە؛ تەنانەت بەگوێرەی دەستووری عێراق، نابێ بەبێ بڕیار و ڕەزامەندیی پەرلەمانی کوردستان، ھێزی سەربازیی عێراقیش بێتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە و، پێویستە ھەموو ھێزەکانی ناوچەکە ڕێز لە سەروەریی خاکی ھەرێمی کوردستان بگرن، بەتایبەتی ھێزە کوردییەکان، کە دەبێ ئەوان زیاتر پابەند بن، بەوەی کە سەروەریی ھەرێم پێشێل نەکرێت.''

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ئەگەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە بڕیاری خۆی لە شنگال و خاکی ھەرێمی کوردستان ناکشێتەوە، ئەوا کارێکی ھەڵە دەکات، ئەگەر بڕیارەکەش لە دەست خۆیدا نییە و لایەنێکی دیکە ناردوویەتی، ئەوە ھەر زۆر شتێکی ناشیرینە، چونکە نابێ (پەکەکە)، خۆی بە حزبێکی شۆڕشگێڕی کورد بزانێت و بڕیاریش لە وڵات و ھێزی دیکەی بێگانەوە وەربگرێت؛ جا ئەو ھێزە حەشدی شەعبی بێت، یان وڵاتی عێراق بێت، ناکرێت ئەو ھێزەی ناوی شۆڕشگێڕی لەخۆی نابێت، بڕیارەکانی لەدەست خۆیدا نەبن، چۆن لە خۆیان قبووڵ دەکەن، داردەستی ھێزێک بن، کە ئەو ھێزە، خۆی بە دوژمنی کورد دەزانێت.''

(موئەید تەیب) گۆتیشی: ''ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لەڕێی ئاشتییەوە کێشەی (پەکەکە) لە شنگال چارە بکرێت، تا دەڤەری شنگال ئارامی بەخۆیەوە ببینێت و، ڕێکخراوە بیانییەکان و وڵاتە کۆمەکبەخشەکان بتوانن دەستی ھاوکاری و ئاوەدانی بگەیەننە دەڤەری شنگال، چونکە ناوچەکە توشی کارەسات بووە و، برینی خەڵکی شنگال زۆر قووڵە و پێویستە ھەموو لایەنەکان ھاوکار بن، تا برینەکەیان ساڕێژ بکرێت، ھەبوونی ھێزێکی دەرەکیی وەک (پەکەکە) لە شنگال دوژمنایەتییەکی ئاشکرای شنگالە و لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە، تەنانەت لە بەرژەوەندیی (پەکەکە)شدا نییە.''
kdp-
Top