مامۆستایەکی زانکۆ: ئەگەر پەکەکە بە دانوستان شنگالی چۆڵ نەکرد پێویستە بە هێز وەدەربنرێت
(د.سەباح سوبحی)، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەددین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''مانەوەی (پەکەکە) لە شنگال ھیچ بەھانەیەک ھەڵناگرێت، چونکە کاریان تەواوبووە و مەیدانی خەباتیان لە شنگال نییە، ئەگەر بەھانەی ئەوەش دێننەوە ڕۆژێک شەڕیان کردووە، خۆ ئەمەریکاش بۆ لەنێوبردنی ڕژێمی بەعس لە عێراق شەڕی کرد، بەڵام دواجار بەپێی ڕێککەوتن هێزەکانی خۆی لە عێراق کێشایەوە، ئێستاش ئەو ئامانجەی (پەکەکە) بۆی ھاتە شنگال تەواو بووە و، نابێ پاساو بۆ مانەوەیان بێننەوە و بکەونە نێو هاوکێشە ناوچەیییەکانەوە، چونکە ئاشکرایە (پەکەکە) بەتەواوی ئەجێندای دەرەکی لە ھەرێمی کوردستاندا جێبەجێ دەکات، بێ ئەوەی ڕەچاوی ھیچ شتێکی نەتەوەیی بکات، بۆیە ئەگەر بە دیالۆگ کێشەکە چارەنەبوو پێویستە بە هێز وەدەربنرێن.''
ئەو پسپۆڕە گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین ساڵە خەبات بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی دەکات و لەو پێناوەشدا قوربانیی داوە، نابێ کوردی ھیچ پارچەیەکی کوردستان بۆ تێکدانی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بێت، ھەرکوردێک یان ھێزێکی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە بێتە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ڕەوشەکەمان لێ تێک بدات، پێویستە بەرەنگاری ببینەوە و ڕێ نەدەین پیلانەکەی سەربگرێت، من لەگەڵ شەڕی نێوخۆ و براکوژیدا نیم، بەڵام لەگەڵ ئەو پڕەنسیپەشدا نیم، کە بۆ ئەوەی شەڕی براکوژی نەبێت، چاوپۆشی لە تێکدانی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بکەین.''
(سەباح سوبحی) دەڵێ: ''پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی ئاشتییانەی کێشەی (پەکەکە) لە شنگال ھەموو ئامرازێکی دانوستان بەکار بێنن، تەنانەت من لەگەڵ ئەوەدام، نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکا و ڕووسیاش بە نییەتی خێرەوە بێنە نێو کێشەکەوە، تا ئەو ئاڵۆزی و گرژییەی لە شنگال ھەیە، نەیھێڵن. بەڵام یەک شت ھەیە، کە نابێ سازشی لەسەر بکرێت، ئەویش ئەوەی کە ھێزێکی دیکەی هاوتەریبی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال ھەبێت و سوکایەتیش بە پێشمەرگە بکات. ھەموو ڕێچارەیەکی ئاشتییانە بۆ شنگال قبووڵە، تەنیا ئەوەی کە جێی قبووڵ نییە، ئەوەیە کە نابێ لەو سنوورەدا ھیچ ھێزێک شان لە شانی هێزی پێشمەرگە بدات.''
(د. سەباح) ئەمەشی نەشاردەوە: ''(پەکەکە) بە ھیچ شێوەیەک ددان بە حکوومەت و دەزگا شەرعی و ھەڵبژێردراوەکانی ھەرێمی کوردستاندا نانێت، ئەوەی زۆر گرینگە و دەبێت ھەرێمی کوردستان ھەڵوەستەی لەسەر بکات، ئەوەیە کە دەبێ حکوومەتی ھەرێم دەسەڵاتەکانی خۆی لە شنگال جێبەجێ بکات و ھیچ ھێزێک نەتوانێت ڕێگری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات.''
kdp-
