"دوو تەرم دۆزرانەوە کە لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا شەهید بوونە"
ئەمڕۆ لەلایەن تیمی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی سەر بە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، دوو گۆڕ ھەڵدرانەوە، هەریەکە و تەرمێکیان تێدا بوو، کە لە کاتی کیمیابارانەکەی ھەڵەبجەدا گیانیان لەدەست داوە و، بڕیارە لە یادکردنەوەی کیمیابارانەکەشدا، لە مەراسیمێکدا بە خاک بسپێردرێن.
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجەی شەھید، (ئاراس عابد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دوو گۆڕ لە ھەڵەبجە دۆزراونەتەوە، کە دوو تەرمیان تێدا بووە و ساڵی ١٩٨٨ بەھۆی کیمیارانکردنی ھەڵەبجەی شەھیدەوە گیانیان لەدەست داوە و، ئێمەش وەزارەتی شەھیدانمان لێ ئاگادار کردەوە و ئەمڕۆ گۆڕەکان ھەڵدرانەوە. بڕیارە لە ١٦ی ئەم مانگەدا و لە یادی ٢٩ ساڵەی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا لە مەڕاسیمێکدا بە خاک بسپێردرێن.''
جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجەی شەھید گوتی: ''ئەو دوو ڕووفاتە لە ماوەی ڕابردوودا، لە دوو شوێنی جیاواز، لەکاتی کارکردندا لەلایەن خەڵکەوە دۆزراونەتەوە، بەڵام نەناسراونەتەوە.''
(ئاراس عابد) گوتیشی: ''ھەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی لە ١٦ی مانگدا یادی ٢٩ ساڵەی کیمیارانکردنی ھەڵەبجە بکرێتەوە.''
kdp-
