"وەزیری تەندروستی پێی گوتین دەستێک پێشنیاری بڕینی بەشەدەرمانی هەرێمی کردووە"
(د. ئەشواق جاف)، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دەربارەی بڕینی بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان پرسیارمان لە وەزیری تەندروستیی عێراق کرد، ھۆکارەکەی چییە. لە وەڵامدا پێی ڕاگەیاندین، دەستێک پێشنیاری کردووە، بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان لەسەر بوودجەی حاکیمەوە بگوازرێتەوە سەر بوودجەی گشتی و لەبەر ئەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧ بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان لەسەر بوودجەی گشتی دەبێت، ئەمە لەکاتێکدایە، ئەگەر بخرێتە سەر بوودجەی گشتی، دەرمان نایەت بۆ ھەرێمی کوردستان و ستەمێکە لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقیش لەسەر دەرمانەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان چارە دەکرێن، کەچی بەغدا ئەوەشمان پێ ڕەوا نابینێت و دەیبڕێت.''
(ئەشواق جاف) دەشڵێ: ''ئێمە دوو خاڵی سەرەکیمان لەپێشە؛ یەکەم، دەچینە دادگای ئیتیحادی، بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر حکوومەتی عێراق تۆمار بکەین؛ دووەم، لێکۆڵینەوە دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەو دەستە کێیە پێشنیاری کردووە بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بوودجەی گشتی. بە بۆچوونی تایبەتیی خۆم، ئەو دەستەی پێشنیاری بڕینی دەرمانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، ھەر ئەو دەستەیە کە بوودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستانی بڕی، لەبەر ئەوە نابێت ئێمە لەبەرانبەر ئەو پیلانەدا کە لەدژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ھەیە، بێدەنگ بین و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ گەڕانەوەی بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان.''
kdp-
