سەندیکای تەندروستکاران ھەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن

 سەندیکای تەندروستکاران ھەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای تەندروستکارانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا 5 ھەزار میلاکی تەندروستی کەمی کردووە.

ھاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی،لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "بەھۆی گۆڕانکاری سیستەمی مووچە، کۆچ کردن و گەڕانەوەی ئاوارەی عەرەبەوە بۆ زێدی خۆیان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی گشتی 5 ھەزار میلاکی تەندروستی لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کەمی کردووە".

ئەو بەرپرسەی سەندیکا، ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی 2 ھەزار دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکانی داوە، کە ئەوە لای ئێمە جێی تێبینی و ڕەخنەیە، چونکە کەرتی تەندروستی بە تەنھا دامەزراندنی پزیشک گرفتەکانی میلاکی چارەسەر نابێت، پێویستە کارمەندانی تەندروستیش دابمەزرێنێت".

ئاشکراشی کرد: "ئەو داواکاری و گلەییەمان داوەتە وەزارەتی تەندروستی، ئەگەر وەڵام نەدرێینەوە ئەوا یادەکانی تایبەت بەتەندروستی ڕۆژی جیھانی تەندروستی، پەرستاری و مامانی، کە لەم مانگەدا دێنە پێشەوە، دەکەینە ڕۆژی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی".








باسنیوز
Top