نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر تێگەیشتنی مووچە خۆران نەبوایە نەمان دەتوانی لەسەر پێی خۆمان بوەستین
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 14/3/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەریی ژمارەیەک لە وەزیران، بەرپرسانی حکوومەت و حزبی و ھاووڵاتیانی ناوچەکە، زنجیرە پڕۆژەکانی ئاوی ئامێدی و جووتسایدی شێلادزێ - سیریێ و تونێلی ئامێدی کردەوە، کە پڕۆژەی ئاوەکە بە کوژمەی زیاتر لە سێزدە ملیار دینار و ئەوانی دیکەش بە زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بە سەرپەرشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن ھەریەک لە کۆمپانیاکانی دارین، ھومان، ستێر گرووپ و ئەریسۆنەوە جێبەجێ کراون.
لە ڕێوڕەسمەکەدا دوای پێشکەشکردنی چەند گوتەیەک لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دھۆکەوە، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە گوتەیەکدا، خۆشحاڵیی خۆی بە کردنەوەی پڕۆژەکان لە ئامێدی و دێرەلۆک دەربڕی و ڕای گەیاند: "خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە لە ھۆڵی ڕۆشنبیریی دێرەلۆک لەگەڵتانم بۆ کردنەوەی چەند پڕۆژەیەک لە ناوچەکە کە بەر لە زیاتر لە دوو ساڵ ھەر لێرە بەردی بناغەی پڕۆژەی بەنداوێکمان لە دێرەلۆک دانا، کە لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆن و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیتاڵییەوە جێبەجێ دەکرێت و ھیوادارم خوای گەورە ئەو دەرفەتە بدات بۆ بەشداریکردن لە کردنەوەی ئەو پڕۆژە گرنگە کە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە لە ناوچەکەدا دروست دەکات، ئاگادارم ھەندێک کێشەی قەرەبووکردنەوە ھەیە، بەڵام ھیوادارم خەڵکی ناوچەکە سەبریان ھەبێت چونکە بێگومان ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکەین و ڕێگە نادەین وەک خۆی بمێنێتەوە".
نێچیرڤان بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە ئێمە جارێکی دیکە لەو ھۆڵەدا کۆبووینەوە بۆ کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لەوانە پڕۆژەی ئاو، بێگومان پرسی ئاو گرنگترین پرسە لە ھەرێمی کورستان، چونکە گەر لە خزمەتگوزاری باسی کارە لەپێشینەکان بکەین، خزمەتگوزاریی ئاو یەکەمیانە و ئینجا خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ئەوانی دیکە بەدوایدا دێن، بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی 175000 ھاووڵاتی ئەم دەڤەرە دابین دەکرێت، ئەمەش کارێکی زۆر گرنگە و بە باوەڕی من کێشەیەکی زۆر گەورەی وەکو ئاو بۆ ماوەی 35 ساڵ لەم ناوچەیە چارەسەر دەکات".
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە، ئاماژەی بەوە دا: "دوای ساڵی 2003 و بەو سیاسەتەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکرد باوەڕمان وابوو ژیانێکی نوێ بۆ گەلی کوردستان دەست پێدەکات و کێشە نامێنێ، ھیچ کاتێک لەو باوەڕەدا نەبووین لە سەرەتای ساڵی 2014 ڕووبەڕووی ھەندێک قەیران دەبینەوە کە دەبێتە ھۆکاری وەستانی ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئەگەر ئەو تێگەیشتنەی خەڵکی کوردستان نەبوایە لەگەڵ حکوومەت و سەرۆکایەتیی سیاسیی ھەرێم، ئەم شتانە ھیچیان نەدەمان، چونکە بارێکی زۆر قورس و کێشەی زۆر گەورە بۆ ھەرێم ھاتنە ئاراوە"
گوتیشی: "ئەم ھەموو شتانەی کە بەسەرماندا ھاتن، وانەیەکی زۆر گرنگی پێداین، لەوانە پێویستە ھەموو کاتێک ھێزمان بۆ بەرگریکردن ئامادە بێت، چونکە پشتبەستنمان بە ھەندێک لایەنی دیکە بەرەو ھەڵدێری زۆر سەختمان دەباتەوە، ھەروەک بینیمان، ئەو شتانەی لە شنگال و دەڤەرەکانی دیکە بەسەرمان ھات لە ئەنجامی ئەوە بوو کە ئێمە لەو باوەڕەدا نەبووین شتێکی وا دروست دەبێت، لەو باوەڕەدا نەبووین کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ڕووبەڕووی شتێکی دڕەندەتر دەبینەوە و ئەمانە ھەموویان کێشەیەکی زۆر گەورەیان بۆ ئێمە دروست کرد، تا ئێستا و لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا تەنیا شتێک کە توانیومانە خۆڕاگر بین و نەکەوین، ئەو تێگەیشتنە بوو کە گەلی کوردستان لەگەڵ ئێمە ھەیبوو و لەگەڵمان وەستان، مووچەیان بڕا، کەچی ئەوان تێگەیشتنیان بۆ بارودۆخەکە ھەبوو، ئەو بڕیارەش ئاسان نەبوو، زۆر سەخت بوو کاتێک بڕیارمان دا مووچە پاشەکەوت بکەین، ناچاری بوو و پێویست بوو ئەم کارە بکەین، بەڵام تێگەیشتن و بیروباوەڕی میللەتەکەمان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بووە ھۆکار کە تا ئەمڕۆش ئەم کاروانە بەردەوام بێت".
نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی مووچەخۆرانی کوردستان کرد و ڕاشی گەیاند: "دەمەوێت لێرە سوپاسەکی تایبەتی ھەموو مووچەخۆر و کارمەندانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ تێگەیشتنیان لە بارودۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان بکەم، ئەگەر ئەو تێگەیشتنە نەبوایە، باوەڕتان ھەبێت ئێمە بە ھیچ شێوەیەک نەماندەتوانی لەسەر پێی خۆمان بوەستین، من دڵنیام میللەتێک ئەم ڕادەیەی تێگەیشتن و باوەڕی ھەبێت، بێگومان بە ھەموو ئەو خەونانەی دەگات کە خەبات و خزمەتی بۆ کردووە".
باسنيوز
