سەرۆکی بەشی کوردی: لە ئاست بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بێ دەنگ نابین

 سەرۆکی بەشی کوردی: لە ئاست بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بێ دەنگ نابین
سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدین، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە خوێندنی زمانی کوردی لە ھەموو بەشەکان بە پێویست دەزانن، بۆیە لە ئاستی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا بێ دەنگ نابن.

د. نەوزاد وەقاس، سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند: "ئێمە زمانی کوردی بۆ ھەموو بەشەکان بە پێویست دەزانین و پێویستە بخوێندرێت، چونکە ئێمە سەدان ساڵە میللەتەکەمان لە پێناوی زمانی کوردی و پاراستنیدا خوێن دەڕێژێت، ئیستاش وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی خوێندکاراندایە بۆ ئەوەی نمرەکانیان لەو سێ بەشە زانستییە دانەبەزێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین، کە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ زمانی کوردیدا بکرێت و بیکەنە زمانێکی لاوەکی".

سەرۆکی بەشی زمانی کوردی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا بەھۆی پشوەوە دەوام ناکرێت، بەڵام لەگەڵ دەست پێکردنەوەی دەوامدا ئێمە لەگەڵ مامۆستایانی بەشەکەمان کۆدەبینەوە و ھەڵوێستی خۆمان لە بەرامبەر بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕادەگەیەنین ھەروەھا لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدینیش کۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەکەین، ئەگەر بگاتە ئاستیکی دیاری کراویش، لەگەڵ وەزیریش کۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەکەین".









باسنیوز
Top