پەرلەمانتارێک: زۆربەی لایەنەکانی عێراق لەگەڵ بڕینی بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستانن

 پەرلەمانتارێک: زۆربەی لایەنەکانی عێراق لەگەڵ بڕینی بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستانن
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرای دەکات کە وەزیری تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ھەروا بە ئاسانی بڕە دەرمانی ھەرێمی کوردستان نابڕین، بۆ ئەوەش دەبێت لەگەڵ ھەولێر ڕێککەوین.

ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "وەزیری تەندروستی عێراق، سەردانی کردووین، ئێمەش پرسیارمان لەسەر ھۆکاری بڕینی بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان لێکردووە، بەڵام ئەو باسی لەوە کرد کە ئەو بڕە پارەیەی بۆ کڕینی دەرمانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، لە ناو بوودجەی17%ی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، ئێستاش بوودجەی ھەرێمی کوردستان، لەلایەن ناوەندەوە ڕەوانە ناکرێت".

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: "وەزیری تەندروستی، ئەوەشی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان دەزانن ھەرێمی کوردستان، زۆر ھاوکاری ئاوارەکانی کردووە و دەرمانیان بۆ دابین دەکات، بۆیە ھەوڵ دەدەن لەگەڵ ھەولێر گفتوگۆ بکەن، ڕێککەون و چارەسەری بدۆزنەوە".

ئاشکراشی کرد: "وەزیری تەندروستی پێی خۆش نییە، بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان ببڕدرێت، بەڵام لەبەر لایەنەکانی دیکە ناتوانێت بڵێت دەرمانی ھەرێمی کوردستان نابڕین، چونکە زۆر لایەنی دیکە لەگەڵ ئەوەن کە بەشە دەرمانەکەمان ببڕن، وەزیری تەندروستی، ئەوەشی ڕاگەیاند کە بەو ئاسانییە پشکی ھەرێمی کوردستان نابڕن، چونکە بە پلەی یەکەم لەو حاڵەتە دا ئاوارەکان زیانیان بەردەکەویت، بۆیە لە پەیوەندی بەردەوام دان، تاکۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کورستان دەکەن".







باسنیوز
Top