کوردستانی ڕۆژهەڵات.. چوار بەندکراوی دیکەی کورد لەسێدارە دران

 کوردستانی ڕۆژهەڵات.. چوار بەندکراوی دیکەی کورد لەسێدارە دران
سزای سێدارەی سێ بەندکراوی دیکەی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ (دەریا) لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێران و هاوکات بەندکراوێکی دیکەی کورد لە زیندانی دیزڵ‌ئاوای کرماشان بەڕێوە چووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2017 -3- 14 سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی (چەنگیز بادووزادە، ئەکرەم حەسە‌زادە و کەیوومەرس فەریدان) لە زیندانی ورمێ، هەروەها بەندکراوێکی دیکەی کورد بەناوی محەمەدڕەزا سەمەدی‌نەسەب، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی داڵاهۆ سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە زیندانی (دیزڵ‌ئاباد)ی کرماشان لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (هەنگاو) ئەو چوار بەندکراوە کوردە بە تۆمەتی (پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان) لەسێدارە دراون.

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە بەندکراوێکی تورکیش بەناوی (عەبدولواحید حامیدی) بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانی ورمێ لەسێدارە دراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی (هەنگاو) لە سەرەتای ساڵی زایینییەوە هەتا ئێستا، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکم سێدارەی ١٣ بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەڕێوە چووە.













باسنيوز
Top