جەلال تاڵەبانی: ئاواتم ئەوە بوو بتوانم بە خزمەتی بارزانی بگەم
بارزانی لە تەمەنی سێ ساڵیدا، بەھۆی نیشتمانپەروەریی خانەوادەکەیەوە کەوتووەتە زیندان، دواتریش لە تەمەنی گەنجێتیدا بەشداریی لە ھەردوو شۆڕشی بارزاندا کردووە، پاشانیش ڕووی لە کوردستانی رۆژھەڵات کردووە و بەشداریی لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مھاباددا کردووە و ئەرکەکەشی زۆر بەسەرکەوتوویی بەجێ گەیاندووە، دوای ڕووخانی کۆماریش مەلامستەفا بارزانی بەخۆی و زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە ھەڤاڵانی، داستانی بێ وێنەی رێڕۆیشتن و پەڕینەوەی ئاراس تۆمار دەکات و دۆست و دوژمنانیشی سەرسام کرد و گەیشتە ناو خاکی سۆڤیەت، دوای مانەوەشی بۆ زیاتر لە ١١ ساڵ لەو وڵاتەدا، گەڕایەوە عێراق و پێشوازییەکی پڕ شکۆی پاڵەوانانی لێ کرا. دوای ئەوەی شۆڤێنییەکان ھیچ ڕێگایەکیان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان نەھێشتەوە، مەلامستەفا بارزانی بڕیاری دا دەست لە مافی گەلەکەی ھەڵنەگرێ، بڕیاری ھەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی دا و زۆر قارەمانانە و لێزانانە ئەو شۆڕشەی بەو ڕۆژە گەیاند کە بەعسییەکانی ناچار کرد ملکەچ بن و رێککەوتننامەی ١١ی ئادار لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی کوردستان ئیمزا بکەن کە گرنگترین بەڵگەنامەی یاسایی بوو بۆ سەلماندنی مافی کورد.
ئەم سەرکردەیە نەک لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی جیھان ناسراوە و لای سەرکردە و مێژوونووس و ئازادیخوازانی دنیا جێگەی رێزێکی زۆرە، لێرەدا لە یادی ئەو سەرکردەیەدا، نموونەی ھەندێ لە بۆچوونی ئەو ناودارانەی کوردستان و دنیا دەخەینە روو:
جەلال تاڵەبانی، ئەو کاتەی سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ بوو، دیدارێکی لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)دا ساز دا، لەو دیدارەدا سەبارەت بە مەلامستەفا بارزانی دەڵێت: ”لە تەکیەکەی باوکمدا ھەمیشە باسی کەسایەتیی بارزانی دەکرا، لە ساڵی ١٩٥٥ کە چوومە مۆسکۆ، ئاواتم ئەوە بوو بتوانم بە خزمەتی بارزانی بگەم، چونکە بە تەنیا سەرۆکی حزبەکەم نەبوو، ئەو سیمبولی خەبات و بەرخودان بوو بۆ ھەموو کورد و بەشێکی زۆری عێراقییەکانیش، بەڵام نەمدەتوانی، چونکە ناونیشانەکەیم نەدەزانی، تا ڕۆژێک لە شەقامێکدا پیاسەم دەکرد، گوێم لە دوو کەس بوو بە زمانی عەرەبی بەغدایی قسەیان دەکرد، یەکێکیانم ناسییەوە کە ناوی (محەممەد مەھدی نەجەفی) بوو، ئەو بێژەر بوو لە دەنگی مۆسکۆ، خۆم پێ ناساند و زۆر تکام لێ کرد کە ئەدرێسی بارزانیی نەمرم بۆ پەیدا بکات، پێیم گوت: پەیامێکی زۆر گرنگم پێیە و دەبێت بیگەیەنمە خزمەتیان. ئەگەرچی ئەو لە سەرەتاوە نکۆڵیی لە ھەموو شتێک دەکرد، بەڵام کاتێک زانی من ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتیم، ھاوکاریی کردم، ڕۆژێک نەجەفی لە ھوتێل سەردانی کردم و پەیامەکەی کە پێم بوو بۆ بارزانی، لێی وەرگرتم. پاشان ھەندێک ڕاسپاردەی ئەویشی بۆ ھێنابووم، بەڵام پێی گوتم: ئەمجارە بارزانی ناتوانێت بتبینێت، بەڵکوو ئەدرێسی کەسێکی پێ دام کە ئەوکات لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا دادەنیشت، کە لەمەولا ھەر پەیام و ڕاسپاردەیەکمان ھەبێت لە ڕێگەی ئەو کەسەوە بە نامە بۆ بارزانی ڕەوانە بکەین، بەھەمان شێوەیش بە وشەیەکی نھێنیی شیفرەوە، بتوانم لە سەفەری داھاتوومدا بە خزمەت بارزانی بگەم. جاری یەکەم نەمتوانی بارزانیی نەمر ببینم، بەڵام بێ ھیوا نەبووم، بەڵکو خەونی بە دیدارگەیشتنی ئەو ھەمیشە لە ناخمدا چەکەرەی دەکرد، ھەمیشە ئەو (شیفرە)م لەبەرخۆمەوە دەگوتەوە کە بۆ دیتنی ئەو زاتە پێم گوترا بوو. لە ساڵی ١٩٥٧ کە چوومە مۆسکۆ لەوێ، د. عەبدولعەزیز شەمزینی و د. موراد پێشوازییان لێ کردم، ڕۆژێکیان شەمزینی پێی گوتم: بارزانی دەیەوێت بتبینێت، بەڵام نازانم کەی چاوت پێی دەکەوێت، لەمەودوا ھەموو ڕۆژێک لەبەردەمی ئەو ھوتێلەی کە لێی دەمێنێتەوە دانیشە، تا یەکێک دێت و تۆ بۆ لای ئەو دەبات“.
مام جەلال دەڵێت: ”لەو ڕۆژەوە ھەموو ڕۆژێک لە چاوەڕوانیدا بووم، تا ڕۆژێک دوو کەس ھاتن، پرسیاری منیان کرد، منیش خۆمم پێ ناساندن و یەکێکیشیانم ناسییەوە کە (ئەسعەد خۆشەوی) بوو، پرسیاری شیفرەکەیان لێ کردم و منیش پێیانم گوت و بەرەو دیداری بارزانی بەڕێ کەوتین“.
پەیامنێری ڕۆژنامەکە دەڵێت: دەبێت چ ھەستێک بێت بۆ لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ کە بەو تەمەنەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی گەورەترین حزبی نەتەوەکەی بێت و بۆ یەکەمین جار چاوی بە سەرۆکەکەی خۆی بکەوێت؟ تاڵەبانی وەڵام دەداتەوە: ”کە گەیشتینە بەردەم ژوورەکەی بارزانی و لە دەرگامان دا، کاتێک بینیم خۆی دەرگاکەی کردەوە، تووشی حەپەسان بووم، تەنیا ئەوەندە دەزانم کە من سڵاوم لێ کرد و ئەویش باوەشی پێدا کردم و ئیتر من بوورامەوە و لەخۆ چووم“. لێرەدا پەیامنێری ڕۆژنامەکە دەڵێت: کاتێک کە تاڵەبانی باسی بارزانی و یەکەمین دیداری لەگەڵ ئەو دەکرد، دەستی بە گریان کرد و پێی گوتم: ”ئاخر ئەو بۆ من تەنیا سەرۆکی حزبەکەم نەبوو، ئەو ڕەمزی ئەفسانەیی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەیشم بوو“.
مام جەلال، لەدرێژەی ئەو باسەدا دەڵێت: ”پاشان کە بە ھۆش خۆم ھاتمەوە، دەستمان بە قسەکردن کرد، ھەموو شتێکی لێ دەپرسیم، لەبارەی ڕەوشی کوردستانەوە، بارودۆخی نێوخۆیی پارتی، چونکە ئەو زۆر کەم ھەواڵەکانی ئێمەی پێ دەگەیشت“.
لەبارەی پەیوەندییەکانی خۆی و بارزانی، تاڵەبانی دەڵێ: ”من لە ھەموو کەس زیاتر بە کەسایەتیی ئەو زاتە سەرسام بووم، پەیوەندییەکی ھەرە بەتینیشم لەگەڵیدا ھەبووە.
لەبەرامبەریشدا بارزانی منی زۆر زۆر خۆش دەویست، ڕێزێکی زۆریشی لێ دەگرتم و متمانەیەکی زۆری بە من ھەبوو، بە بەڵگەی ئەوەی دوو جار منی دەستنیشان کرد بۆ سەرۆکایەتیی شاندی کوردستان بە مەبەستی دانوستاندن لەگەڵ بەعسییەکاندا“.
ھەر لەدرێژەی ئەو باسەدا دەڵێت: ”من ھێندە پەیوەندی و نێوانم لەگەڵ بارزانیی نەمر خۆش بوو، ھەندێک جاران سوعبەت و قسەی خۆش و نەستەقیشم لەگەڵدا دەکرد و ئەویش بەخۆشحاڵییەوە لێی قبووڵ دەکردم“. ھەروەھا ئەوەیشی باس کردووە کە دوایین جار چاوی بە بارزانی کەوتووە، ساڵی ١٩٧١ بووە.
* د. گۆنتەر دێشنەر، لە کتێبەکەیدا (براکانی سەڵاحەدین) باسی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بارزانیدا بەم شێوەیە دەکات: ”شێوەی دەرەوەی بارزانی پڕ بە پڕی ئەو سیفەتانە بوو کە کاری مای، پیاوەکانی کوردی لە نۆڤێلە بەناوبانگەکەی (گەشتێک بەنێو خاکی کوردستاندا) باسی کردووە، کۆپییەکی خاکی بوو لە جلوبەرگی نەتەوەیی و کراسێکی پان و کورت، شەرواڵێکی فراوان، پشتێنی ناوقەد و پشتی لە قوماشی ڕەنگین، خەنجەرێکی لەبەر پشتی دانابوو، لەگەڵ دارجگەرەیەکی درێژ، جامانەیەکی سوور و سپیی لەسەری نابوو، سەرباری ھەموو ئەوانەش شێوەکەی ئازایەتی و زیرەکیی پێوە دیار بوو. لەگەڵ ئەوەی بارزانی خاوەن کەسایەتییەکی بەھێز و کاریگەر بوو، ھەر کە لە یەکەم جارەوە چاوم پێی کەوت، چاوە تۆخەکانی تیشکێکی تێدا دەبریسکایەوە، چاوی بە ھەموو کون و قوژبنی ژوورەکەدا دەگێڕا، گۆنا تیژەکانی کە لەسەر ڕووی دیار بوون. بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە لەگەڵیدا بووین، کەسایەتییەکەی خۆی لە دانیشتنەکاندا زاڵ بوو، ئەوە یەکەم وێنەی بوو لەو چاوپێکەوتنەیدا بەدەستم کەوت. وێنەی پیاوێکی پارتیزان و ئازا و چاونەترس دژوار و رۆمانسی بوو، لەگەڵ ئەوەی کە ژیانی زۆر لە ڕۆمانسییەتەوە دوور بوو، توانستێکی تایبەتی ھەبوو لە بەیەکەوە گرێدانی بابەتەکان و جەختکردن تەنیا لەسەر کاکڵەی بابەتەکە لە گفتوگۆکانیدا، ئەوە جگە لە بلیمەتییەکەی لەلایەنی سەربازییەوە، ھەتا بڵێی خاوەن ئەزموون بوو، لە ھەڵسووڕاندنی کاروبارە سیاسییەکانی و لە خەباتیدا لەپێناو دۆزە ڕەواکەی، لە وێستگە ھەمەجۆرەکانی بە درێژایی ژیانی تاقیکردنەوەی فێری زمانی فارسی و عەرەبی و ڕووسی بوو. لەگەڵ ئەوەی کە متمانەی زۆری بە خۆی ھەبوو... زۆر بەوردی گوێی لە بەرامبەرەکەی دەگرت، ئەگەر قسەکان دەربارەی بابەتێک بان سەرەدەریشی لێ دەرنەکردبا، یا پێشتر گوێی لێیان نەبووبا. بارزانی سەرەڕای ئەوەی قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی لەسەر دەستی پیاوانی ئایینییەوە بڕیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی توانایەکی زۆر بوو لە بەیەکەوە بەستنەوەی بابەت و مەسەلە جیاوازەکان و جەختکردنەوە لەسەر ناوەڕۆکی بابەتێکی دیاریکراو لەمیانەی گفتوگۆکردندا، ئەمە وێڕای شارەزاییەکی لە ڕادەبەدەری سەربازی و سیاسی“.
* جۆناسان راندڵ، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی دەگێڕێتەوە: ”کە بارزانی تووشی حاڵەتێکی توووڕەیی و ئازار بوو، کاتێ ئەو ھەواڵەی پێ گەیشت کە ھێزەکانی توانیویانە زیاتر لە سێ ھەزار سەربازی عێراقی لە تاکە شەوێکدا و لە ھێرشێکدا بۆ سەر بنکە سەربازییە عێراقییەکان لە چیای ھەندرێندا بکوژن“، راندڵ، ئاماژە بەوە دەدات کە بارزانی ئەم ژمارە کوشتارەی بەلاوە زۆر بوو و گوتی: ئەم ژمارە قوربانییانە لەنێو ھێزە عێراقییەکاندا دەبێتە بەربەست و ئاستەنگی ڕێگە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کوردمان“.
* فوئاد عارف سیاسەتمەدار و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر: ”نھێنیی مەلا مستەفا لەوەدا بوو کە توانی متمانەی میللەتەکەی بەدەست بھێنێت، چونکە مرۆڤێکی زاھید بوو، لەسەر زەوی دەنووست، نانی پێشمەرگەی دەخوارد، سادە و ساکار بوو، مانای پارەی نەدەزانی، واتا پیاوێکی ماددی نەبوو، ھەر بۆیە خوا موەفەقی کرد و ھەموو ژیانی بۆ ڕزگاریی میللەتەکەی بەخت کرد“.
* کارۆلین ئینگلیسی، سەبارەت بە بارزانی دەڵێت: ”ئەم قسانە لە قسەی فەرماندەیەکی نیزامی ناچێ، بەڵکوو لە قسەی فەیلەسوفان و بیرمەندان دەچێ“. کارۆلین، بارزانی وەک فەیلەسوف ناسیوە و دەیناسێنێ و دەڵێت: ”مستەفا بارزانی فەیلەسوف و بیرمەندە“.
* خاتوو فیروزەی فەرمائیان، نەقڵی کردووە: ”زۆر جاران بە خزمەتی بارزانی گەیشتووم، عەزەمەت و پیاوەتی و ئازایی لێی دەباری، زاتی مستەفا بارزانی خۆی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە (ئەکادیمی علومی ترامی و سیاسیی) شوورەوەی دەرسی خوێندووە، مامۆستاکانی زۆر ھۆگری بارزانی بووبوون و ڕێزیان بۆ دادەنا و ھەمیشە بە چاکە ناوی بارزانییان دەبرد“.
* مستەر دیچبڕۆن: ”بارزانی یەکێکە لەو پاڵەوانانەی کە دەبێ مێژوو بە مەرەکەبی زێڕین لەناو بلیمەتەکانی دنیا ناوی بنووسێت“.
* لە کتێبەکەیدا (گەشتێک بۆ نێو پیاوە ئازاکان لە کوردستان) دانا ئادەمز شمیدت، سەبارەت بە مەلا مستەفا بارزانی دەڵێت: ”لە ھەموو ڕەوشتەکاندا جوامێریی و ڕەسەنایەتییەکەی لێی دانابڕێت، ڕەنگە تووڕە بێت، بەڵام ڕقێکی قووڵ نا. ڕەنگە پێ بکەنێت، بەڵام بە دەنگی بەرز نا. پێشمەرگەکانی چییان خواردبا، ئەویش ھەر ئەوەی دەخوارد. لە زۆربەی گاڤدا بە پێیان مەودایەکی درێژی دەبڕی، لەبری ئەوەی سواری ئەسپ بێت. ڕەنگە لەگەڵ میوانەکەی گاڵتەی کردبێت، بەڵام بێ بەزاندنی سنوور. بەردەوام سەروکاری بە فراوانترین توێژی گەلەکەیەوە ھەبووە. ھەندێ جار لەوپەڕی خۆشی و ئاسوودەییدا بوو، بڕێ جاریش دەگەیشتە ئاستی توندی و گرژی. شاخەکانی کوردستان جوان و تووشن، سەرنجی ئاڵۆز و پێشبینیی ھەبووە. ڕاستەوخۆ وەڵامی پرسیار ناداتەوە، بەڵام وەڵامەکانی نموونەئامێز و سەروسەربردە ئامێز بوونە“.
جارێکی دیکە دانا ئادەمز شمیدت لەبارەی بارزانی دەڵێت: ”لەوە خاترجەم بوو کە دەبێت لەگەڵ گەلەکەی یەک بێت و شەڕ بکات تا گەلەکەی مافەکانی وەدەست دێنێت“.
* مێجەرسـۆن، حاکمی بەریتانیا لە شاری سلێمانی، سەبارەت بە بارزانییەکان دەڵێت: ”بارزانییەکان لە بەھێزترین ھێزە عەشایرەکانن لێرە لە (کوردستان) و پیاوگەلێکی ئازا و بەجەرگیان ھەیە. ئاە، چەند ھیوادار بووم کە پیاوانی ئێمە ھێزی ئەوانیان ھەبووایە، بەڵام دوای لەناوبردنی شێخ مەحموود و شوێنکەوتووانی. گرنگ ئەوەیە ئەوەی رووی دا دەبوایە رووی بدایە، بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی حکوومەتەکەمان لە ناوچەکەدا“.
* ئەدگار ئۆباڵانس، لە کتێبەکەی بەناوی (شۆڕشی کورد (١٩٦١-١٩٧٠)دا) دەڵێت: ”سەربردەی شۆڕشی کورد سەربردەی مەلا مستەفا بارزانی، سەرۆکی خێڵێکی جەنگاوەرە. ئەو یەکێکە لە سەرکردە گەورەکانی سەدەی بیستەم، کە زۆر بە ورەوە تێکۆشاوە بۆ کورد“.
* کیسیلیۆڤـ، خۆرھەڵاتناسی رووسی نووسیوویەتی: ”بارزانی سەرکردە بوو بە پەروەردەبوونەکەی، بەڵام لەخۆبایی و لەخۆگۆڕاو نەبوو، ھەروەھا زۆر مامەڵەی خۆش و سادە بوو. ھەرگیز حەزی بە پیاھەڵدان نەدەکرد، ھەر بۆیە ڕقی لەوانە دەبووەوە، کە پێیدا ھەڵدەدەن“.
* عەلی ئەسغەری ئیحسانی، وەک ئەفسەرێکی ئێرانی و ئەندامی ئەو ھێزی نێردراوەی بۆ لێدانی بارزانییەکان لەدوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان، لە تۆمارێکیدا نووسیویەتی: ”بارزانی ھەمیشە دەیگوت: ھەموو شتێکی من تفەنگەکەمە، تا ئەو تفەنگەم ھەبێ ھەرگیزاوھەرگیز زەلیل نابم، تێ دەکۆشم، شەڕ دەکەم، دوژمن دەکوژم و دەکوژرێم“. ھەروەھا دەڵێت: ئێستاش رووخساری پیاوانەی ئەوم ھەر دێتەوە یاد“.
* رینیە موریسی، رۆژنامەنووسی فەرەنسی لە دوا چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بارزانی دەنووسێ: ”پیاوێکی جێی سەرسوڕمانە، گوێ دەگرێ و دەپرسێت و بە سیمایەکی رەسەنانەوە لە بیرکردنەوەدا بەقووڵدا دەچێت، کەم وایە بیبینی ڕەخنە بگرێت، قەت دەنگی بەرز ناکات، پاساوی بۆ بەرزکردنەوەش نەدەدا“.
* تالیب شەبیب، وەزیری دەرەوەی عێراق کە گفتوگۆی لەگەڵ بارزانی کردووە دەڵێت: ”پیاوێکە خاوەنی قسەی خۆیەتی، حەز لە فڕوفێڵ و مانۆڕ ناکات“.
* عەبدولڕەحمان عارف، سەرماری پێشووی عێراق، ئاوا وەسفی بارزانی دەکات: ”وەک کەڵەوێنجەیەک نەرمە و بەھێزە، واتە لە ھەندێ ھەڵوێستدا نەرم و نیانە و لەو ھەڵوێستانەی کە پێویستیش بکات بەھێز و یەک قسەیە“.
* جەمال عەبدولناسر، سەرکردەی ناوداری میسر سەبارەت بە بارزانی گوتوویەتی: ”بارزانی سەرکردەیەکە لە خەسڵەتی کۆن و نوێ بەرخوردارە و خۆی کردە گۆڕی ئازادیی گەلەکەی“.
* کریس کۆچێرا: ”بارزانی کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشە، پانیی شانی و ماسولکەکانی، بازووە بەھێزەکانی، تیشکی ھێزێکی جەستە گەورەیی پێ بەخشیوە، ئازایەتی و داکۆکی و پاڵەوانیەتی، ئاگری ھەستی نەتەوەیی لە جەستەی ھەموو کوردێکی شەرەفمەندا ھەڵگیرساند“.
* دیفیدکۆم: ”برۆ ڕەش و چڕەکانی، کە نیوەی چاوی داپۆشیبوو، وا دەھاتە بەرچاو کە ئاگرێکی بە کڵپەی داگیرساوە، لە ڕاستیدا یەکەم شت ھەموو دەیانبینی چاوەکانی بوو، کە تیشکێکی نائاساییان لێوە دەھات و ھەموو پەیامنێرە بێگانەکان کە لە ماوەی ساڵانی دوورودرێژدا گەشتی سەختیان کرد بۆ بارەگا چیاییەکانی بارزانی لە کوردستان، لەسەریان نووسیوە“.
* کەمال جونبڵات: ”بارزانی پیاوێکی بە ڕەوشتە و بێ فیزە، سەرەڕای کەسایەتیی گەلێ ڕێزدارانەی، ھەموو نیشانەکانی سەرکردەیەکی مەزنی سەردەمی ھەڵگرتووە، کە وایان کردووە جێی ڕێز و تەقدیری بەرز بێت“.
* ڕومیش جاندرای، سکرتێری ئەنجومەنی ئاشتیی جیھان شاھیدی بۆ داوە و دەڵێت: ”ئارەزوومەندم چاوم بە بارزانی بکەوێ و دەست لەناو دەستی بنێم، چونکە پشتیوانی ئاشتییە لە جیھاندا“.
* ھانی فکێکی: ”بارزانی نەمر ھەموو ڕۆژێک نەک ھەر لە ماڵ و گوندەکانی کوردستان، بەڵکوو لە ماڵ و دێھاتەکانی نیشتمانی عەرەبیشدا دەژیێتەوە“.
پڕۆفیسۆر دکتۆر میخائیل سمیۆنۆڤیچ لازاریف، کوردناس و ڕۆژھەڵاتناسی ئەکادیمیای زانستی دەڵێت: ”بارزانی توانی سەرکەوتووانە کێشەی کورد لە کێشەیەکی ناوچەییەوە بکاتە کێشەیەکی نێودەوڵەتی.
* شاعیری گەورەی عەرەب (محەمەد مەھدی جەواھیری) سەبارەت بە مستەفا بارزانی، لە شیعرێکیدا دەڵێت:
سڵاو لە چیا سەرکەشەکان بکە
لای ئەو فەرھەنگێکی باڵای قوربانییەکانت
چنگ دەکەوێ
گەلێک بناغەی لەسەر کەللەسەر و خوێن
ھەڵچنرابێ
دنیاش وێران بێ، ئەو گەلە ھەرگیز تێک ناشکێ
مستەفا نیشانەی ڕاپەڕین و شکۆداریی میللەتێکە
ڕۆژانی ناکۆکی ناوی ئەو دەبێتە داوودەرمان..
* دکتۆر حسێن قاسم عاشوور: ”مەلا مستەفا بارزانی پیاوێکی باڵا مامناوەندی بوو، لەش و لاری ڕێکوپێک بوو، نێوچەوانی پان و چاوەکانی گەورە بوون، سوارچاکی و ئازایەتی لە ڕەنگ و ڕوویدا دیار بوو، ئاگادارییەکی فراوانی لە دنیا ھەبوو، بیروبۆچوونێکی ستراتیژییانەی ھەبوو، ھەر لە منداڵییەوە پێشمەرگە بووە و خاوەن ئەزموونێکی بەرزی شەڕکردن بوو، لەبەرامبەر ئینگلیز و عێراقییەکاندا شەڕی خوێناوی لە دژیان ئەنجام داوە“.
* ئیحسانی، یەکێکە لە ئەفسەرانی راپەڕینی خۆراسان، لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە بارزانی دەنووسێ: ”ئەگەر مرۆڤـ جوان لەو وتانەی بارزانی ورد بێتەوە، دەزانێت ئەو مرۆڤە چەند مرۆڤدۆست بووە“.
* سەرگی چۆری، گەورە ژەنەراڵ و سوپاسالاری ئیسرائیلی: ”بارزانی نامەیەکی بۆ ناردم. ئەو نامەیەم بۆ یادگاری ھەڵگرتووە. تا ئەو کاتەی دەمرم شانازیی پێوە دەکەم کە سەرکردەیەکی گەورەی کورد بە دەستوخەتی خۆی نامەی بۆ من نووسیوە. بە ڕاستی بارزانی سەرکردە بوو، تا جیھان ماوە سەرکردەیەکی وا بەخۆیەوە نابینێتەوە...“.
* مارتن ڤان برۆنسن: ”نەوەکانی داھاتووش دەبێ بارزانی بکەن بە ئاوێنەیەک بۆ دروستکردنی دواڕۆژ“.
* لە ٢٠٠٨/٥/٩ یەڤگینی بریماکۆفی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری رووسیا سەردانی کوردستان و شاری ھەولێری کرد، ھەر لەوێشەوە سەردانی مەزاری نەمرانی کرد و لە وتەیەکدا باسی لە رۆڵ و خەبات و فیداکاریی بارزانی بۆ ئازادیی کوردستان کرد و گوتی: ”بۆ من ئەمڕۆ رۆژێکی تاڵە، کە دۆستە نزیکەکانم بەزیندوویی نابینم، بە بۆچوونی من مستەفا بارزانی لە ھەر کەسێک زیاتر خزمەتی کوردی کردووە، بیرەوەرییەکانی لە رووسیاش ھەن، کە ١٢ ساڵ لە سۆڤیەت ژیاوە. بارزانی بە ھەموو رۆحیەتێکەوە مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ بوو کە بە رۆح و گیان بۆ ئازادیی میللەتەکەی خەباتی دەکرد.... ئێستا کە بە ڕێگا لەگەڵ کوڕێکی بارزانی پێکەوە بەرەو ئێرە دەھاتین، ئەوەمان بینی کە کوردستانێکی نوێ دروست بووە، ئێستا ئەو کوردستانەمان بینی کە مستەفا بارزانی ھەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخان کردبوو. پێویستە ھەموو کەسێک بێتە ئێرە و سەری نەوازش بۆ بارزانی دابنەوێنێ“.
* پاڤل ئانا تۆلۆڤیچ سۆدا پلاتۆڤ، کە یەکێکە لە بەرپرسە پایەبەرزەکانی دەزگای ھەواڵگری و ئاسایشی سۆڤیەت، چەند ساڵێک لەنزیکەوە کراوە بە چاودێر و یاوەری بارزانی لە سۆڤیەت، ئەو لە کتێبێکیدا چەند لاپەڕەیەکی تایبەت کردووە بە کورد و تیایدا دەربارەی بارزانی چەند گێڕانەوە و بۆچوونێکی دەربڕیوە و سەبارەت بە لێکدانەوەی بۆ کەسایەتی و سەرکردەیی بارزانی دەڵێ: ”بارزانی تا بڵێی زیرەک و ژیر بوو، تێ دەگەیشت داھاتووی کورد بەوەوە بەستراوە، دەیویست لە دژایەتی و ململانێی زلھێزەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە بەرژەوەندییان ھەیە سوود وەربگیرێت“.
* دێمچێنکەی، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی رووسی، دەڵێ: ”زۆر لە سەرۆکەکانی جیھان بەتایبەتی ئەوانەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستم بینیوە، بەڵام ئەوەی لە بارزانیمان بینی ھاوشێوەی نەبوو، بۆیە بارزانی سەرقافڵەی ھەمووانە و ئێستاش شانازی دەکەم کە شەرەفی ناسینی خەڵکانی وەک بارزانیم ھەبوو، میھرەبان، زانا، گوێگرێکی بە سەلیقە بوو، کەم قسەی دەکرد، بەڵام دەیزانی چی دەڵێت، لە گفتوگۆدا ساکار بەڵام قووڵ و دەروونناس بوو. بارزانی توانا و شارەزاییەکی زۆر چاکی لە زانستی سیاسەت و دیپلۆماسیەتدا ھەبوو... توانایەکی لە رادەبەدەری ھەبوو بۆ بەکارھێنانی فاکتەرە دژ بە یەکەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ بەرژەوەندیی گەلی کوردستان“.
* ئەلیکساندەر کسیلۆڤ، کە بەرپرسی ئەمنیی ئەو پاپۆڕە بووە کە بارزانی تێیدا گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، دەڵێ: ”ھەر زوو لەناو پاپۆڕ و دواتر کە گەیشتینە عێراق لەوە تێگەیشتبووم کە بارزانی گەورەترین کەسایەتی نێو کوردستانە، خۆشەویستیی گەل بۆ بارزانی دەستکرد نەبوو، بە ئەمر و فەرمان نەبوو، بەڵکوو لە قووڵایی دڵ و دەروونەوە بوو... لە راستیدا خەباتی بارزانی لەپێناو بەختەوەریی گەلەکەیدا بوو“.
* پرۆفیسۆری رووسی میدڤیدکا: ”بارزانی زادەی سەدەیە، سەدەی بیستەم، چونکە لەگەڵ دەسپێکی سەدە لەدایک بووە، ئەو مرۆڤێکی بێ وێنەیە، کەسایەتییەکە ھەموو ژیانی پێشکەشی سەدە کرد، ئێستا ھەندێ ناو لەوانەی ڕۆڵی بەرچاویان لە چارەنووسی مرۆڤایەتیدا بەگشتی لە سەردەمی خۆیاندا بینیوە بۆ پیاوی سەدە پێشنیاز کراون، لەوانە ناوی لینینیش ھاتووە، بەڵام من دەڵێم: ئەو کەسە بارزانییە، بۆیە من دەڵێم پیاوی سەدە بارزانییە“.
* ژەنەڕاڵی ڕووسی ئەلسکەندەر ڤیکتۆرەڤیچ، بەرپرسێکی گەورەی دەزگای پەیوەندیی نھێنی و ھەواڵگریی سۆڤیەت بووە و یاوەری بارزانی بووە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ نیشتمان، دەڵێ: ”بارزانی پاڵەوانی سەردەمی خۆی و ھەروەھا میراتگری سەرکردەکانی پێش خۆی بووە، بەڵام بارودۆخی کاتی بارزانی دژوارتر بوو وەک لەوانەی پێشووی، بۆ؟ چونکە لە سەردەمی بارزانیدا کاڵای پترۆڵ کاڵایەکی ستراتیژیی نێودەوڵەتی بوو، بێ گومان ئێستاش، کەچی بارزانی ھۆشیار بوو، کارێکی نەکرد کە گەلەکەی بسووتێ، راستە بارزانی سەرکردەیەکی سەربازی بوو، بەڵام لە بوارەکانی تریشدا توانای ھەبوو، دەیویست لەگەڵ ئێمەدا (داش بە داش) بەرژەوەندی بکات، ئەمەش کارێکی دیپلۆماسیانەیە...“.
* ڕێنیە مۆریس، رۆژنامەنووسی فەڕەنسی لە بەرھەمێکیدا بەناوی (کوردستان یان نەمان)، نووسیویەتی: ”مەلامستەفا بارزانی، کە ئەمە ناوی تەواوی ئەوە، زۆر بەکەمی نەبێ ناخەوێ، چالاکی و ھەڵسوڕانی ئەو بە شەو و بە ڕۆژ سارد نابێتەوە. بێ ڕاوەستان پێشوازی لە کادرە عەسکەرییەکان و کادرە حزبییەکان و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سادەترین پیاوانی پێشمەرگە دەکا. ھەروەک چۆن پێشوازی لە پیاوماقوڵان و گەورەپیاوانی میللەت دەکا، ئەو دەیەوێ گرنگی بە ھەموو شت بدا و ئاگاداری ھەموو ڕووداوێک بێت“.
* باڤێ نازێ، ڕۆژنامەنووسی کوردی رووسیا لە تۆمارێکدا نووسیویەتی: ”بارزانی دژی بەکارھێنانی ھەموو جۆرە تیرۆر و تۆقاندنێک بوو بۆ لێدانی دوژمنەکانی کورد، لە کاتێکدا دەوڵەتە زلھێزەکان لە ھەر کاتێک پێویستیان بووبێت پیادەیان دەکرد...“.
* ئارشیباڵد ماین ھامڵتۆن، لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەو کارە بێ وێنەیەیدا بیرێکی یەکجار بەرزی لەسەر کورد لەلا دروست بووە و لە ناخی دڵدا رێزێکی قووڵی بەرانبەر کورد ھەڵگرتووە، لە وەسفی ئەواندا دەڵێت: ”میللەتێکی سەرسەخت و لە شکان نەھاتوو، دڵسۆز و جێی متمانەن، ئەمە لە مەلامستەفا بارزانیدا مەزنترین و ھەڵکەوتووترین پیاوی سەربازی ئەم چەرخەماندا، دەبینرێتەوە“.
* ئەلیسکەندەر کسیلیۆڤی، بەرپرسی دەزگای ھەواڵگری K.G.B یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵانی ١٩٧٣- ١٩٧٤دا دەڵێ: ”ھەمیشە بارزانی ناچار کراوە دەست بداتە چەک. گەورەترین و ژیرانەترین ھەڵوێست کە بارزانی نواندوویەتی ئەوەیە، کە یەک دڵۆپە خوێنیش بە دەستپێشخەریی بارزانی نەڕژاوە، تەنیا و تەنیا بەرگری لە گەلەکەی کردووە“.
* حەسەن عەلەوی، نووسەر و رۆشنبیری عێراقی، لە وتارێکدا دەنووسێت: ”ئەوەی ئێستا بزووتنەوەی کورد بەدەستی ھێناوە، بەر لە ھەموو شتێک بەرھەمی خاوێن و بێ گەردی تاشەبەردەکەی بارزانی و یاسا و رێسا و فەرمانەکانییەتی، کە لەسەر چیا دایڕشتوون“.
* عەلی قازی (کوڕی ڕەش) کوڕی پێشەوا قازی محەمەد: ”بارزانی کەسێکە رۆڵێکی ھەرەسەرەکی لە مێژووی کوردستاندا ھەبووە، ماوەی زیاتر لە (٥٠) ساڵ خەباتی کرد و تێکۆشاوە. بێ گومان لەخۆڕا نەبوو کە بە مەلامستەفایان دەگوت (شێری کوردستان)، بە ڕاستی بارزانی شێر بوو... لەو سەردەمەدا ھەڵبەتە جیھان ئێمەی وەکو ئەمڕۆ نەدەناسی، بەڵام مەلامستەفا شۆڕش و دۆزی کوردی بە جیھان ناساند و نیشانی دا و کێشەکەی پێ ئاشنا کردن“.
* دکتۆر جەلیل زادە، لە وتارەکەی خۆیدا لەو کۆڕەی کە بە بۆنەی ٩٩ ساڵەی لەدایکبوونی مەلامستەفا بارزانی لە تاران بەسترا، دەڵێت: ”زۆر کەس و لایەن خیانەتیان لە بارزانی کرد، بارزانیش دەیتوانی بۆ تۆڵەسەندنەوە و تەمبێکردن و لەناوبردنیان سوود لە ھێز و توانای خۆی وەربگرێ، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێگەی راست نیشانی ئێمە بدات، کە رێگەی کوردایەتییە، ئەو ھەرگیز پەنای نەبردە بەر ڕێگەی تیرۆر و توندوتیژی و کوشتن و لەناوبردن“.
* فرانسیوا زاڤی لۆڤا، رۆژنامەنووسی فەرەنسی دەڵێت: ”کە یەکەم جار بارزانیم بینی، من رۆژنامەنووسێکی لاو بووم، جەنابی بارزانی زۆر بە میھرەبانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردم. ھەر کاتێک بمویستایە دەمبینی. زۆر جاریش پێکەوە یاریی شەترەنجمان دەکرد. لەسەرەتادا وەک وێنەگرێک رووخساری بارزانی سەرنجی راکێشام، بەڵام لەو ماوەیەی کە لەنزیکەوە لەگەڵیدا بووم چەندین سیفەتی دیکەی سەرنجی راکێشام، بەتایبەتی میھرەبانیی ئەو مرۆڤە. چەند جارێک بینیم زۆر کەس لەو فریودراوانەی دەگەڕانەوە بۆ ناو شۆڕش و لای بارزانی، بەڵام بارزانی رێزی لێ دەگرتن و نەیدەھێشت کەس سووکایەتییان پێ بکات و لاپەڕەیەکی نوێی لەگەڵدا ھەڵدەدانەوە“.
* تەفرەشیان، کە ئەفسەرێکی ئێرانی بوو، لە بیرەوەریی ساڵی ١٩٤٥ دا نووسیویەتی: ”ژیانی ساکار و ئاکاری جوانی بارزانی تەرزێک بوو، کە بارزانییەکان بەگشتی وەک ئوممەتێک پێغەمبەری خۆشبووێت، خۆشیان دەویست. لەگەڵ چەکدارەکانیدا لەسەر خوانێک نانی دەخوارد، وەختی شەڕیش لەپێشەوە دەبوو“.
ھەروەھا درێژەی پێ دەدا و دەڵێت: ”بارزانییەکان زۆر ئازا بوون، بەڵام بیر و شارەزایی مەلامستەفا بارزانی بووبووە مایەی سەرکەوتنیان. ئەم شارەزاییە سەربازییەی کە لەو بەدیمان دەکرد، ئێمەی ئەفسەرانی ئێران کە دەرچووی زانکۆ و کۆلیژەکانی سەربازی بووین و ئەزموونی جەنگیشمان ھەبوو، ھەرگیز لە پلانداناندا وەک ئەومان لێ نەدەزانی“.
* کـەرەمی رەش، نووسەر و پسپۆڕ و شارەزا لە مێژووی سەربازیدا، لەمەڕ رێڕۆیشتنەکەی بارزانی و ھەڤاڵانی دەڵێت: ”دەکرێ ڕێڕۆیشتنەکەی بارزانی لە مھابادەوە بۆ سۆڤیەت لەگەڵ رێپێوانەکەی سەرکردە جەنگییەکەی رووسیا سۆڤۆرۆڤ بەراورد بکرێ، چونکە بارزانییش وەک سۆڤۆرۆڤ لە ڕووی چەندایەتییەوە ھێزەکەی ژمارەی کەم بوو. جگە لەوەش دەتوانین لەگەڵ ڕێپێوانەکەی گەزنەفوون بەراوردی بکەین“.
* قەدری جەمیل پاشا، کەسایەتیی ناسراوی کورد، ئاوھا باسی کەسایەتیی مستەفا بارزانی دەکات: ”کەسایەتییەکی بەرز و دوو چاوی داگیرساو و نێوچەوان فراوان و گەنمڕەنگ و بەژن و باڵایەکەی مامناوەندی ھەبوو، مەزھەرێکی پیاوانە و قسەکانی کە لە دڵەوەی دەردەھاتن، کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر گوێگرانیدا جێ دەھێشت، پیاو کاتێ خۆی لەبەرامبەر پاڵەوانێکی ئەفسانییەوە دەبینی، یان یەیکەرێک لە پۆڵا، ھەست بە سووکبوونی کێشەکەی خۆی دەکات، تیشکی چاوەکانی سیحری لە مرۆڤـ دەکرد کە گوێڕایەڵی ویستەکانی بی و بەئاسانی بکەویە ژێر کاریگەرییەکەیەوە. مەلامستەفای بارزانی کە خاوەن زانیارییەکی فراوان و بلیمەتییەکی گەورە بوو، دەیتوانی زۆر بەئاسانی ئاڵـۆزترین مەسەلەت بۆ چارەسەر بکات“.
* عەبدولڕەزاق سەید مەحموود (موتەسەریف)، پارێزگاری پێشووی سلێمانی سەبارەت بە بارزانی دەڵێت: ”بارزانی پیاوێکی بەرز و جوامێر و سادە و ساکار و خاکەڕا و زاھید بوو، ئەوەندەی گەلەکەی خۆشدەویست وەسف ناکرێت، بە تەواوی مانای وشەی سەرکردە، سەرکردە بوو... ھەرچی ھاتبا بەردەرگای پێیان دەگوت بڕۆ ژووەرەوە، تا جارێکیان ڕەخنەم لەو دیاردەیە گرت پێی گوتم: ئەوانە ڕۆڵەی گەلەکەمن و خەڵکی سادە و ھەژارن، ناتوانم دەستیان بە ڕووەوە بنێم و گیروگرفت و سکاڵاکانیان سەرەنجامی ئەو بزاڤەیە کە ھەر تەنیا شەڕکەرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو تەواوی گەلیش“. لێرەدا تۆزێک لە قسە وەستا و ئینجا دەڵێت: ”لەراستیدا ئەوە نھێنیی گردبوونەوەی کورد لە دەوری و پابەندیی بوونە و خۆشیان دەویست“.
* لازاریف، رۆژھەلاتناس و کوردناس نووسیویەتی: ”بارزانی کەسایەتییەکی نێوەند و دیاری سیاسی و سەربازیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی بوو نەک ھەر لای کورد، بەڵکوو لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیشدا بێ وێنە بوو“.
* کەنداڵ نزان، وەک یەکێک لەو توێژەرانەی جێ پەنچەی بەسەر شیکارە مێژووییە سیاسییەکانی کوردەوە دیارە، سەبارەت بە بارزانی نووسیویەتی: ”لە سەردانێکمدا بۆ ناوچەکانی قەرقیزستان و تاجیکستان و ھەرێمەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، لە ماڵی زۆربەی زۆری کوردی ئەو ناوچە و ھەرێمانە وێنەی بارزانیی نەمرم بینی، کە بە شوێنێکی دیاری ماڵەکانەوە ھەڵیانواسیبوو. پرسیارم لە ھەر کەسێک کرد کە ئێوە ئەو وێنەیەتان بۆ ھەڵواسیوە؟ لە وەڵامدا دەیانگوت: ئەو وێنەیە نیشانە و دروشمی کوردایەتیی ئێمەیە. ئێمەش بۆ ئەوە وێنەکەیمان ھەڵواسیوە، تا ھەر کەسێک ھاتە ماڵمان و سەردانی کردین بزانێت کە ئێمە کوردین“.
* بەھائەدینی ئەدەب، نوێنەری پێشووی کورد لە ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران: ”ئەمڕۆ ناوی کورد و کوردستان لە ھەر شوێنێکدا بھێنرێت ئەوا ھاوشانی ناوی مەلامستەفای بارزانییە. پیاوێکی گەورە، کە (٦٠) ساڵ تەمەنی شیرینی بە کەژ و کێوەکانی کوردستانەوە بردە سەر و لەپێناو خەڵکیدا و بۆ ئازادیی گەلی کورد جەنگی، پیاوە گەورەکان ناوی بارزانی بە ڕێزەوە دێنن و زۆر رێزی لێ دەگرن، ئێمەش ھەروەھا. لە تەمەنی سێ ساڵییەوە تا رۆژی مەرگ ھەوڵ و کۆشش و تێکۆشانی بۆ مافەکانی گەلی کورد بووە، ئایا جگە لەوەی کە بیر و باوەڕێکی تەواوی ھەبێت، ھیچ شتێکی دیکە دەتوانێت ئەوەندە ھێز بدات بە مرۆڤێک...“.
* د. ئیدمۆند غەریب، لە ناوەندی ئاشتیی جیھانی- زانکۆی ئەمەریکا (واشنتۆن– D.C): ”بارزانی، گاندیم وەبیر دێنێتەوە کە بۆ سەربەخۆیی ھندستان خەباتی دەکرد، گاندی سەرکردەیەکی پتر ڕۆحی بوو، بەڵام بارزانی جگە لەوەی سەرکردەیەکی ڕۆحی بوو، سەرکردەیەکی سیاسیش بوو، لە ھەمان کاتدا دەتوانین بڵێین لە ھەندێ حاڵەتدا لە مێژووی ئەمەریکادا لە جۆرج واشنتۆن دەچێت“.
* بێرناد دۆین، باڵوێزی فەڕەنسی: ”بارزانی ئەو کەسە بوو کە بە ئاواتەوە بووم بیبینم، مرۆڤێکی بەناوودەنگ و کەسایەتییەکی گەورە بوو، بارزانی یەکێک لەو کەسانە بوو وەک (ڤیدل کاسترۆ، ئیمپراتۆریی یابان، شارڵدیگوڵ) کە گەورەترین کارتێکرنیان لەسەر من ھەبووە“.
* جیمس ئەکینس، باڵوێزی پێشووی ئەمەریکا لە عەرەبستانی سعودیە (١٩٦٣ - ١٩٦٥): ”ناکرێت بارزانی لەگەڵ سەرکردەیەکی ئەمڕۆ کە نەک تەنیا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکوو لە ھەموو جیھاندا بەراورد بکرێ، بارزانی بێ وێنەیە“.
* لۆَََََََََََََََََََََََََران سینکینس، بەرپرسی بەشی دەرەوەی ڕادیۆی گشتیی واشنتۆن: ”بارزانی رێڕەوی گاندیی ھەبوو، ئەو کەسەی کە گەلەکەی بە سەربەخۆیی گەیاند بەبێ ئەوەی دەست بۆ تیرۆر ببات، من وەکو مرۆڤێک زۆرم ڕق لە تیرۆریزمە، خەباتکردن بەبێ تیرۆر شتێکی گەلێ پیرۆز و چاکە، خەباتی بارزانی لەم بوارەدا زۆر بەھێز بوو، ئەو دژی تیرۆر بوو“.
* د. سیمس میک فێرسەن، پزیشکی مایۆکلینک لە واشنتۆن: ”(دانیاڵ)ی کوڕم یادگاری و بیرەوەریی گەشی لەسەر ژەنەراڵ بارزانی ھەیە، دوێنێ ئێوارە کە باسی ئەم چاوپێکەوتنەم لەگەڵ کرد، دانیال گوتی: کە زۆر شتی پەیوەست بە بارزانیی لەبیرە. دانیال گوتی: کە جارێکیان لە بارزانیم پرسی ژەنەڕاڵ تۆ لەگەڵ کام لایەنی؟ تۆ بۆ کێ خەبات دەکەیت؟ بارزانی لە وەڵامدا گوتی: من بۆ ستەمدیدەکان خەبات دەکەم، من لایەنگری ئەوانم. بەڵێ ئەوە ڕاستە، من زۆر خۆشحاڵم بە بیستنی ئەمە کە ئەم ھەموو سات و کاتە تێپەڕیوە و دانیاڵ ئەمەی ھەر لەبیرە“.
