پەکەکە ئامادەیە منبج رادەستی سووریا و ئێران بکات و ئێران پاڵپشتیی پەیەدە و حزبوڵڵای لوبنانی دەکات

 پەکەکە ئامادەیە منبج رادەستی سووریا و ئێران بکات و  ئێران پاڵپشتیی پەیەدە و حزبوڵڵای لوبنانی دەکات
نووسەرێکی ناوداری سووریا رایدەگەیەنێت، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئامادەیە شارۆچکەی منبج رادەستی سوپای رژێمی سووریا و میلیشیا ئێرانییەکان بکاتەوە.



غەسان ئەلئیمام، نووسەر و رۆژنامەنووسی ناوداری سووری لە وتارێکدا، کە لە ژمارەی رۆژی سێشەممە 14.3.2017ـی رۆژنامەی (شەرقەلوئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، پێیوایە وڵاتانی جیهان وەک بۆرسەیەک سەیری منبج دەکەن.



غەسان ئەلئیمام پێیوایە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی چەکداریی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان پێکهێنەری سەرەکییەتی، ئامادەیە شارۆچکەی منبج رادەستی میلیشیا ئێرانییەکان و رژێمی سووریا بکاتەوە.



لە سەرەتای ئەم مانگەوە (مانگی 3ـی 2017)، هەسەدە دوای رزگارکردنەوەی ناوچەیەکی فراوانی رۆژئاوای منبج لە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش، ناوچەکەی رادەستی رژێمی سووریا کردەوە.



حزب و لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان باس لەوە دەکەن، پەکەکە پەیوەندیی بە رژێمی سووریا و ئێرانەوەو هەیە و لە رێی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ـەوە، کە باڵی سیاسیی پەکەکەیە لە رۆژئاوا، ئەجێندای ئێران و رژێمی سووریا جێبەجێ دەکات.



لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی هەزاران پاسداری ئێرانی و لیوایەکی ئەفغانییە پەنابەرەکان و چەک و راوێژکاری سەربازی، پاڵپشتیی سەربازیی رژێمی سووریا، پەیەدە و میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی دەکات.



باسنیوز
Top