مالیکی جووڵە بە پەکەکە و گۆڕان و باڵێکی یەکێتی دەکات
سەرچاوەیەکی ئاگادار رای دەگەیەنێت، ھاوپەیمانیەتییەک لەنێوان مالیکی و پەکەکە و گۆڕان و بەشێکی کەمی یەکێتی درکی پێ دەکرێت، کە دەیانەوێ سنوور بۆ بارزانی و ئەجێندای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دابنێن.
ھەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ھاوپەیمانیەتییە رانەگەیەنراوە کار بۆ ئەوە دەکات کە بەر بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن بارزانییەوە بگرێ، بۆ ئەوەش مالیکی پێشنیازی بۆ کردوون سلێمانی و کەرکووک و ھەڵەبجە بەزوویی جیا بکەنەوە و بیکەن بە ھەرێمێک و نەوتەکەشی بە ئێران بفرۆشن.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لەو پرسەدا نەوشیروان مستەفاش قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی گۆڕاندا کردووە ئەگەر بارزانی دەوڵەت رابگەیەنێ ئەوا ئەوان ناچار دەبن پشتیوانیی لێ بکەن، بۆ ئەوەی تووشی ئەو ئیحراجییە نەبن باشتر وایە دەست بە جێبەجێکردنی چەند سیناریۆیەک بکەن، کە بارزانی نەتوانێ ئەو ئەجێندایەی جێبەجێ بکات.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کە مەبەستێکی نەوشیروان مستەفا لە رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی بۆ ئەوە بووە کە پێکەوە بتوانن حکوومەتی عێراق قایل بکەن کە نەوتی کەرکووک و زۆنی سەوز لە رێگەی ئێرانەوە ھەناردە بکەن، کە بەھۆیەوە دەبنە خاوەنی ئابووریی خۆیان و پێویستیان بە ھەولێر نامێنێت، بەوەش دەتوانن رێگری لە ھەوڵەکانی بارزانی بکەن کە دەیەوێ ھەولێر مەرکەزی بڕیاردان و راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان بێت.
ھەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بە یەکێتی و گۆڕان ھێڵی بۆڕییە نەوتییەکانیشی لە سنووری خۆیدا تەواو کردووە و یەکێکیش لەو ھێڵانە کەوتووەتە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئەوەی ئەم مەسەلەیەی دواخستووە ئەوەیە نە ئەمەریکا و نە حکوومەتی عەبادی بەوە رازی نین.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، نووری مالیکی کە خۆی ئامادە دەکات لەدوای ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا لە عێراق ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، بەڵێنی بە یەکێتی و گۆڕان داوە کە ئەگەر ھاوپەیمانی و پشتیوانیی لێ بکەن، کە بووە سەرۆکی حکوومەت ئەو کارەیان بەبێ گەڕانەوە بۆ ھەولێر و ئەمەریکا بۆ جێبەجێ دەکات.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، کە ھەوڵەکانی پەکەکەش ھاوئاھەنگیی ئەم مەسەلەیەن.
د. عەرەفات کەرەم، پەلەمانتاری پارتی لە بەغدا رای گەیاند، درک بەو ھەوڵانە دەکرێت کە مالیکی لە رێگەی پەکەکە و ھەندێ گرووپی بچووکی دیکە لە لایەنە کوردستانییەکان دەیەوێ بیدات، بەڵام ئەو پرسە گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی و ئەوە بە مالیکی و ئەجێنداکانی دیکەش دژ بە سەربەخۆیی کوردستان ناکرێ، چونکە ئێستا ھەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و سەبازی و ئابوورییەوە خاوەنی خۆیەتی، گوتیشی: "ھیچ لایەنێکی کوردستان لە راستیدا دژی سەربەخۆیی نییە، بەڵام موزایەدە بەو پرسەوە دەکرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، پرسی نەوتی کەرکووک و ھەرێمی سەربەخۆی سلێمانی بابەتێکی وا ئاسان نییە، یەکەمیان تێچووی بۆڕیی نەوت یەکجار زۆرە و ناتوانرێ لەم قۆناغەدا دروست بکرێت و دووەمیان خەڵکی کوردستان رێگە بە جیابوونەوەی سلێمانی و کەرکووک و ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان نادات، ئەگەر وابێت ئەو ھەموو شەھید و قوربانییەی بۆ داوە.
لای خۆشیانەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، سەربەخۆیی کوردستان خەونی ھەموو کوردێکە، گوتی: “ھەر کەس و لایەنێک لە دژی سەربەخۆیی بێت، مێژوو نەفرەتی لێ دەکات، بەڵام ئەوەش پێویستی بە بەرنامەیە، ئەگەر تەبا بین ئێستا کاتی سەربەخۆییە و بە مالیکی ناوەستێت”.
بەڵام ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، کە بە کەسێکی نزیک لە مالیکی ناسراوە، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی، باسی لەوە کردووە، کە موئامەرەیەک بۆ دابەشبوونی عێراق ھەیە و کە ئەوان نایانەوێ لە عێراق جیا ببنەوە. دەڵێت: "لە بانگەشەی دەوڵەتی کوردی، دەترسم لەوەی کە بەشێک بێت لە پلانێکی گەورە کە لە عێراق بکرێت لەدوای ئازادکردنی مووسڵ".
باسنيوز
