سەركردەیەكی عێراقی پڕۆژەی دەوڵەتی كوردستان ئامادەدەكات
ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ كە لەكۆتایی ساڵی 2013 دامەزراوە، ئۆفیسی سەرەكی لە شاری نەجەفە، كۆمەڵێك كەسایەتی ئەكادیمی، سیاسی، رۆشنبیر و دەستەبژێری عێراقی و پێكهاتە جیاوازەكانی لەخۆگرتووە، خۆیان وەك ناوەندێكی سەربەخۆ دەناسێنن و ئامانجیان ئەنجامدان و پەرەپێدانی دیالۆگە.
ئەو ناوەندە پێشتر لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، عەمار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی و چەندین بەرپرسی دیكە كۆبوونەتەوە. رۆژی شەممە 11/3/2017 لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، پرسی ئایندەی هەرێمی كوردستانیان لە عێراقی نوێدا تاوتوێ كرد.
د.تاڵب محەممەد، گوتەبێژی ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ بە (رووداو)ی راگەیاند "سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا جەختی لەسەر دوو خاڵی گرنگ كردەوە، یەكەم: بەغدا قووڵایی ستراتیژیانە. دووەم: سنوورەكان بە خوێن ناكێشرێن، بەڵكو بە دیالۆگ و گفتوگۆ دەبێت".
بارزانی بە ئەندامانی ناوەندەكەی راگەیاندووە "بەپێی پرەنسیپەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان گەلی كورد مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات".
گوتەبێژی ناوەندی رافیدەین بۆ دیالۆگ پێیوایە دوای كۆبوونەوەكە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە ئەگەر جدییەت هەبێت، دەكرێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
د.تاڵب دەڵێت ئەوە یەكەمین دانیشتنیان نابێ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا "رێككەوتووین كە دانیشتنی دیكەی لەو شێوەیە بكرێ. ئێمە پەیامی هەرێمی كوردستان دەگەیەنینە شەقامی عێراقی و بڕیار بەدەستان".
د. نەدیم جابری، ئەمینداری پێشووی حزبی فەزیلە، یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێیگوتوون لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانیدا ئەوان دروشمی حوكمی زاتی بۆ كوردستان و دیموكراسی- بۆ عێراقیان بەرز كردەوە، بەڵام بەغدا پێوەی پابەند نەبوو. لە دوای 2003ەوە دەسەڵاتدارانی بەغداش پابەندی دەستوور نەبوون، بۆیە گەیشتوونەتە قۆناغی نائومێدبوون لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا و لە رووی دیفاكتۆوە عێراق ئێستا دابەش بووە".
لەكۆبوونەكەدا چەندین بیروبۆچوونی جیاواز خرانەڕوو، لەوانە پاراستنی یەكێتیی خاكی عێراق و پەنا نەبردن بۆ جیابوونەوە. دەستكردن بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەكردنی كێشەكان. خستنەڕووی سیستەمی كۆنفیدرالی وەك دوو دەوڵەت. خواستی كورد لە بەدیهێنانی سەربەخۆیی. هەندێكی دیكە داوایان كرد راگەیاندنی دەوڵەت لە رێگەی بەغداوە بێت نەك بە فاكتەری دەرەوە.
جابری، كە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بووە، دەڵێت "لەبارەی راگەیاندنی دەوڵەت بارزانی جەختی لەسەر دوو خاڵی گرنگ كردەوە، یەكەم: بەبێ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نابێت و دووەم: پەنا بۆ بەكارهێنانی هێز نابەن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە، بەڵكو بە ئاشتیخوازانە دەبێ".
نەدیم جابری باسی هەڵوێستی خۆی لە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان كرد و گوتی "ئێستا هاوسۆزییەك بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەیە، كوردیش وەك تەواوی گەلان مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت".
نەدیم جابری ئاشكرای كرد "پڕۆژەیەكم لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان ئامادە كردووە و تەواوی وردەكارییەكانی ئەو دەوڵەتە، هەنگاوەكانی، پێدانی گرەنتی و پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق و ناوچەكەی لەخۆگرتووە و لەگەڵ د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان باسم كردووە. لە دیدارێكی دیكەدا لە داهاتوو، وردەكاریی ئەو پڕۆژەیە دەخەمەڕوو".
شیروان وائیلی، راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق، یەكێكی دیكە بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە و بە (رووداو)ی راگەیاند "كۆبوونەوەكە زۆر راشكاوانە بوو، باسی جیابوونەوە و ئایندەی هەرێمی كوردستان كرا لە دوای داعش، بارزانی باسی ئەو پاساوانەی كرد كە بۆ جیابوونەوە لە عێراق هەیەتی".
وائیلی، وەزیری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی، مافی بڕیاردانی چارەنووس، بە مافێكی رەوای گەلی كورد دەزانێت، بەڵام دەڵێت "ئێمە وەك بەشداربووان، مكوڕ بووین و خواستی خۆمان بۆ مانەوەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراق دووپاتكردەوە".
هاوكات عەبدولحەكیم خەسرۆ، مامۆستای زانكۆ كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، دەڵێت "سەرۆكی هەرێمی كوردستان راشكاوانە رایگەیاند، جگە لە راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان هیچ بژارەیەكی دیكە نابینین. بەڵام دڵنیایی دا كە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بە ئاشتییانە دەبێت و لەگەڵ بەغدا و لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆ دەكەن".
عەبدولحەكیم خەسرۆ دەشڵێت "شاندەكە لەوە تێگەیشتن كە پرسی سەربەخۆیی كوردستان زۆر جدییە و بەهیچ شێوەیەك پروپاگەندەی میدیایی نییە، وەك هەندێك باسی دەكەن".
رووداو-
