پارتی داوای رێککەوتنێکی پتەو و بێ کەلێن لە یەکێتی دەکات

 پارتی داوای رێککەوتنێکی پتەو و بێ کەلێن لە یەکێتی دەکات
واجار یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەخشەڕێگا ٨ خاڵییەکەی پەسەند دەکات، کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی بەڵێنی دابوو بە بڕیاری رێکخراوەوە لەگەڵ پارتی رێک بکەوێ. سەرکردەیەکی یەکێتییش رای دەگەیەنێ، دەستکارییەکی ئەوتۆی ٨ خاڵەکە نەکراوە.



سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی رای گەیاند، لە دوا کۆبوونەوەدا سەرکردەکانی یەکێتی دەستکاریی زۆری ٨ خاڵی نەخشەڕێگاکەیان نەکردووە، تەنیا لە رووی زمانەوانی و لە پرسی تەوەری سێیەم، گۆڕانکاریی پۆستەکانی سەرۆکایەتی، کە سێ خاڵ بوو کراوەتە چوار و خاڵێک زیاد کراوە: “ئەگەر لایەنەکان کۆک بن لەسەر مانەوەی بارزانی، ئەوا بۆ ئەم قۆناغە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە”.



بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، یەکێتی لە دەستکاریی نەخشەکەیدا پرسی گۆڕانکارییەکانی لە پۆستەکانی سەرۆکایەتی بە پەرلەمان و حکوومەت و سیستەمی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ و رێککەوتنی نێوان لایەنەکان ھێشتووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدا بەپێی نەخشەڕێگاکەی پێشوو ناڕوونی ھەبووە لەو خاڵەی نەخشەکە کە دەیگوت: “بۆ گۆڕانکاریی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ھەموارکردنەوەی کابینەکە، ھاوکاتی چارەسەری پۆستی سەرۆکایەتیی ھەرێم و سیستەمی پەرلەمانی و یاسای سەرۆکایەتی، لەسەری رێک بکەوین، تێپەڕینیش لە قەیرانی سەرۆکایەتییەکان دابەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکایەتییەکانە لەنێوان لایەنە کاریگەرەکان لەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا”.



سەرچاوەکە رای گەیاند، لەو نەخشەڕێگایە بە روونتر وشەکان رێک خراون و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەرچاوی روونترە بۆ بڕیاردان بۆ رێککەوتن لەگەڵ پارتی، کە وا بڕیارە یەکەم کۆبوونەوەی یەکێتی بە نەخشەڕێگا پەسەندکراوەکەیەوە لەگەڵ پارتی بێت.



ھەمان سەرچاوە لەبارەی بەشدارنەبوونی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ پەسەندکردنی نەخشەڕێگاکە، رای گەیاند، مەلا بەختیار خۆی نەیویستووە بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکات، چونکە گۆڕان پێی وابووە دەستی مەلا بەختیار لە نووسینی ئەو نەخشەیەدا ھەبووە بە قازانجی نزیکبوونەوە لە پارتی و دوورکەوتنەوە لە گۆڕان، ھەر بۆیەش مەلا بەختیار، نووسینەوەی نەخشەکەی داوەتە دوو سەرکردەی یەکێتی کە لەبەرامبەر پارتی توند بن و لە گۆڕانەوە نزیک بن، کە یەکیان فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بووە، تا توانجەکانی گۆڕانی لەسەر کەم بێتەوە.



لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، پارتی لە دوا کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتیدا، داوای رێککەوتنی کۆنکرێتیی لە یەکێتی کردووە، نەک رێککەوتنێک کە وەکوو ئەوەی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان ھەیبووە، کە چەندین کەلێنی تیادا بووە و تەفسیری جیاوازی بۆ کراوە، کە نەتوانرێ جێبەجێ بکرێت.



سەرچاوەکەی پارتی ئاشکراشی کرد، لە دوا کۆبوونەوەدا پارتی داوای لە یەکێتی کردووە وەڵام و رێککەوتنیان لەگەڵ پارتی دوا نەخەن، بەشێوەیەک پارتی ناچار بێت لەبەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان و ھەنگاوە خێراکان بۆ ئەو پرسە پەنا بۆ بژارەی دیکە ببات.



سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، پارتی لەو کۆبوونەوەیەدا بە بیری یەکێتیی ھێناوەتەوە کە ئەوان بە رێککەوتنی ستراتیژییان چەندین دەسکەوتی گەورەیان بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھێناوە و دەتوانن بە رێککەوتنێکی دیکە کوردستان بگەیەننە دوا قۆناغ بۆ سەربەخۆیی، پارتی بۆ ئەو پرسە یەکێتیی لە ھەموو حزبەکانی دیکە لەپێشتر دەزانێ، چونکە ھاوشێوەی پارتی خاوەنی ھەزاران شەھید و خەڵکی تێکۆشەرە.



مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی رای گەیاند، نەخشەڕێگاکە ھەر ٨ خاڵەکەیە پێداچوونەوەی بۆ کراوە، گوتیشی: “نەخشەکە بۆ چارەسەریی دۆخی سیاسی و بژێویی خەڵکی کوردستان نووسراوە، تەمەننا دەکەین بتوانین بگەینە رێککەوتن لەگەڵ ھەموو لایەنەکان، کاتەکەی درەنگە و ئەگەر رێک نەکەوین مێژوو رەحم بە ھیچ لایەک ناکات، چوار دەورەمان رۆژانە گۆڕانکاریی تازە دێتە پێشەوە، لەلایەکی دیکەشەوە دوای شەڕی مووسڵ ئەگەر یەکگرتوو و تەبا نەبین زەرەر دەکەین”.



ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، نەخشەکەیان دەرگایەکە بۆ ھاتنەژوورەوەی ھەموو لایەنەکان، ھیواخوازن ھەر لایەنەش لە داواکانی بێتە خوارەوە، بۆ ئەوەی رێککەوتن روو بدات.

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، لەمەودوا یەکێتی بەو نەخشەیە دەڕواتە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان، کە تیایدا ھەموو بابەتێک بە پرسی پۆستەکانی سەرۆکایەتییەوە نەخشەی بۆ کێشراوە، گوتیشی: “لایەنەکانیش ھەریەکەیان بەرنامەی خۆیان ھەیە و ئێمەش ئەوە بەرنامەمانە، ھیوادارین رێک بکەوین”.



لای خۆشیانەوە کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، لە دوا کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ یەکێتی، تاوتوێی چەند پرسێکیان کردووە و تا ئێستاش چاوەڕوانی وەڵامی یەکێتی دەکەن.









باسنيوز
Top