نیچیرڤان بارزانی: بوونی پەکەکە بوەتە کۆسپ لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شنگال
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە دھۆک لەگەڵ شاندێکی ئێزدییان بە سەرۆکایەتیی میری ئێزدییان و ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی ڕووحانی و سەرۆک ھۆزەکانی ئێزدی لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئێزدییان کۆبووەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13/3/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە دھۆک لەگەڵ شاندێکی ئێزدییان بە سەرۆکایەتیی میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییان و ئامادەبوونی بابەشێخ و ئەندامانی ئەنجومەنی ڕووحانی، ڕۆشنبیران، پیاوماقوڵان و سەرۆک ھۆزەکانی ئێزدی لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئێزدییان، کۆبوویەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای بەخێرھێنانی شاندەکە، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵ و تواناکانی بەردەوامە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی شنگال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە کار و چالاکییەکانی لیژنەی باڵای تایبەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەو بابەتە کرد و جەختی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێم ھەرچی لەدەستی بێت بۆ سەرکەوتنی ئەو دۆسیەیە و ناساندنی کەیسی شنگال وەک جینۆساید، ھیچ درێخییەک ناکات.
ھاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە ھەوڵ و تەقەڵاکانی ئازادکردنی خوشک و دایکانی ئێزدی، ئەوانەی ھێشتا لەدەستی داعشدا ماون، بەردەوامە و ھەموو توانایەک دەخەنەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەیان.
نێچیرڤان بارزانی، باسی لەوەش کرد کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە لە نزیکترین کاتدا دەست بە ھەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکات، بەڵام بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکەدا بۆتە کیێشەیەک کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتوانن وەکو پێویست کارێکی جددی لەسەر ئەم پرسە بکەن، دووپاتیشی کردەوە کە لەکاتی ڕزگارکردنی کۆبانێدا چۆن پێشمەرگە بەشداری کرد و دوای تەواوبوونی ئەرکەکەیان گەڕانەوە ھەرێمی کوردستان، ھەمان چاوەڕوانییان لە پەکەکە ھەیە و ھیوای خواست پەکەکە لە ھەستاری و ئاڵۆزیی بارودۆخەکە تێبگات و ئاقڵانە لەگەڵ ئەم دۆسیایە مامەڵە بکات، ھەروەھا ئەوەشی خستەڕوو کە ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک نایەوێت و خوازیاری دروستبوونی شەڕ و ناکۆکی نییە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەکیش خۆسەپاندنی بەزۆری ھیچ ھێزێک لەڕێگەی ھێزەوە قبووڵ ناکات.
پاشان لە وتەیەکدا میر تەحسین، میری ئێزدییان و ئەندامانی شاندەکەیان وێڕای خۆشحاڵی و سوپاسیان بۆ ئەم دیدارە، سوپاسی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانیان کرد کە لە ھەوڵە بەردەوامەکانی بەتایبەتی لە کەیسی ئازادکردنی ئەو ئافرەتە ئێزدیانەی ھێشتا لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماون و دەستخۆشیی کۆمەڵگەی ئێزدییانی پێشکەش کرد، ھەروەھا داوایان کرد لە پرسی ناساندنی کەیسی شنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکاندا ھات وەک جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵ و تەقەڵاکانی بەردەوام بێت و بە زووترین کات پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچەکە دەستپێبکات.
لە کۆتاییی دیدارەکەدا بەڕێز سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دووپاتی لەسەر پێکەوەژیان و لێبووردەیی و گرنگیی پاراستنی ئایینی ئێزدی لەسەر خاکی کوردستان کردەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە خوشک و برایانی ئێزدی و ئایینی ئێزدی لەسەر زێد و خاکی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان دەپارێزرێن نەک لە دەرەوە و داوای کرد ئێزدییەکان شوێنەکانی خۆیان جێنەھێڵن و بەردەوام بن لە پاراستنی ئایین و کلتوور و دابونەریتی خۆیان و وەک ھەمیشە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خۆیشی وەک سەرۆک وەزیران بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە پاراستنی ئایین و کلتوور و دابونەریتیان دەکات، ھەروەھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاراستنی ئەو پێکەوەژیان و فرەڕەنگیی ئایینی و نەتەوەییە جوانەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت و بە ھەموو شێوەیەک پارێزگاری لێ دەکات.
لای خۆیانەوە بەڕێز میر تەحسین بەگ میری ئێزدیان و شاندی یاوەری، ڕایانگەیاند کە سبەی لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێزدیان کۆدەبنەوە و لە نزیکەوە داواکارییەکانییان لە ھەموو ڕووێکەوە بە شێوەیەکی فەرمی و نووسراو پێشکەش بە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
bas nwes -
