نێچیرڤان بارزانی لە كێشە و پێداویستییە كارگێڕییەكانی پارێزگای دهۆك دەكۆڵێتەوە

 نێچیرڤان بارزانی لە كێشە و پێداویستییە كارگێڕییەكانی پارێزگای دهۆك دەكۆڵێتەوە
سەرۆکوەزیرانی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و لە کێشەو پێداویستییە کارگێڕییەکانی پارێزگای دهۆکی کۆڵیەوە و بڕیاری دا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی پێدوایستی و كێشەکانی پارێزگای دهۆک پێكبێت.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٣-٣-٢٠١٧ بۆ بەدواداچوونی كاروباری كارگێڕی و كێشەكانی پارێزگا و دامودەزگاكانی سەر بە پارێزگای دهۆك، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدار پێكهاتبوو، لەگەڵ (فەرهاد ئەترووشی) سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی پارێزگا و قەزا و ناحییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیران پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە (عوسمان یونس) جێگری پارێزگاری دهۆك كرد لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا. (عوسمان یونس) لە وتەیەكدا سوپاسی سەرۆكوەزیران و پارێزگار و دامودەزگا حكوومییەكانی پارێزگای دهۆكی كرد و ئەزموونی دەستبەكاربوون و بەڕێوەچوونی كارەكانی بە ئەزموونێكی سەركەوتووی پێكەوە كاركردن لە پارێزگاكە لەقەڵەم دا، هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەو زۆر بە ئاسوودەیی كارەكانی بە هاوكاریی دامودەزگاكانی حكوومەت بەڕێوە دەبات و ئەوان وەك یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەن نموونەی ئەو سەركەوتنە لە شوێنەكانی دیكەشدا ڕەچاو و جێبەجێ بكرێت.

سەرۆكوەزیران سوپاس و دەستخۆشی لە پارێزگار و دامودەزگاكانی سنووری پارێزگای دهۆك كرد كە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا توانیویانە پێشوازی لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بكەن و وێڕای ئەو قەیرانانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە لە بڕینی بودجە و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، بە هەموو توانایەك خزمەتگوزارییان پێشكەش بكەن، ئەمەشی بۆ دڵسۆزیی دامودەزگاكان بۆ كارەكانیان گەڕاندەوە، هەروەها سوپاسی خەڵكی دهۆكی كرد كە میوانپەروەرانە پێشوازیان لە ئاوارە و پەنابەران كردووە و گوتی "وڵاتێك خاوەنی میللەتێكی ئاوا بێت، سەردەكەوێت".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەموو وەزارەتەكان بە یارمەتی و هاوكاریی بانكی نێودەوڵەتی دەستی پرۆسەیەكی چاكسازی كردووە و پرۆسەكە بە هەنگاوی جیاجیا لە وەزارەتەكان چۆتە پێش. دووپاتیشی كردەوە كە قەیرانەكان بە تەنیا هۆكاری دۆخی سەختی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان نین، كەموكوڕی لە سیستەمی كارگێڕی حكوومەتیشدا هەبووە و دڵنیاییی خۆیشی نیشان دا كە پرۆسەی چاكسازی ئەنجامی باشی دەبێت و بووەتە وانەیەك كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەخۆیدا بچێتەوە، هەروەها ئاماژەی بە چاكسازی لە سیستەمی كارگێڕی و كارگێڕی دارایی و بەتایبەتی بانك و بانكداری و تۆماركردنی بایۆمەتری و مەسەلەی شەفافیەت لە بواری نەوتدا كرد كە لەلایەن دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی باوەڕپێكراوەوە ووردبینی و چاودێری دەكرێت.

دەربارەی دۆخی سیاسییش، ئاشكرای كرد بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان پرۆسەیەكی چارەسەری سیاسی دەستی پێكردووە و هیوای خواست ئەو پرۆسەیە بتوانێت كێشە و ناكۆكییە ناوخۆییەكان چارەسەر بكات. دەربارەی دۆخی شەنگال و بابەتی هەبوونی پەكەكە لەو ناوچەیە، سوپاسی خوشك و برایانی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كرد كە لە كاتی كارەساتی شەنگالدا هاوكاریی خوشك و برایانی ئێزدییان كرد و یارمەتییان دان، بەڵام دەربارەی هەبوونی هێزی چەكداری پەكەكە لە ناوچەكە جەختی لەوە كردەوە چۆن لەكاتی ڕزگاركردنی كۆبانێدا پێشمەرگە بەهانای كۆبانێوە چوون و دوای تەواوبوونی ئەركەكەیان گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، هەمان چاوەڕوانی لە پەكەكە دەكەن كە بە هەمان شێوە مامەڵە بكات و ناوچەكە جێبهێڵێت بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانن پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ شەنگال و دەوروبەری دەستپێبكات. داواشی كرد كە پەكەكە ئاقڵانە لەمبارەیەوە هەڵسوكەوت بكات و جەختی كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك مانەوە و خۆسەپاندنی بەزۆر مایەی قبووڵكردن نییە چونكە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

دەربارەی پرۆسەی سیاسیی عیراقیش دووپاتی كردەوە كە داعش لە ئەنجامی سیاسەتێكی هەڵەی بەغداوە پەرەی سەند و بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا باش بەڕێوە بچێت دەبێت هیچ پێكهاتە و لایەنێكی عیراقی لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا پشتگوێ نەخرێت و هەمووان هەست بە بوون و هاوبەشی و بەشداریی ڕاستەقینەی خۆیان لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بكەن.

دواتر لە ڕاپۆرتێكدا پارێزگار و سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك كێشە و پێداویستییەكانی ناوچەكەیان لە هەموو سێكتەرەكان خستە ڕوو و لیستێكیان بە پێدوایستییەكانی ناوچەكە پێشكەش بە سەرۆكوەزیران و شاندی یاوەری كرد. لای خۆیەوە سەرۆكوەزیران بڕیاری دا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی ئەو پێدوایستی و كێشانە پێكبێت و هەر لە ماوەی سەردانیدا بۆ پارێزگای دهۆك ئەو لیژنەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و دەزگاكانی دهۆكدا كۆببێتەوە و دوا بڕیار لەسەر چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان بەپێی تواناكانی حكوومەت بدات و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەپێی ئەو تونایەی لەبەردەستیدان، داواكاری و پێداویستییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك چارەسەر دەكات و دووباری دەستخۆشی لە كار و بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریی پڕۆژەكانی لە پارێزگار و دامودەزگاكانی پارێزگاكە كرد.
kdp-
Top