سەعد خالید: باشترین دەرفەتە هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێین

سەعد خالید: باشترین دەرفەتە هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێین
ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، (سەعد خالید) دەڵێ، ئێستا دەرفەتێکی زۆرباش بۆ سەربەخۆییی کورد ڕەخساوە، بۆیە پێویستە ئەو دەرفەتە لەدەست نەدرێت و ھەنگاوی کرداریی بۆ بنرێت.

ئەندامی سەرکردایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، (سەعد خالید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە ململانێی سیاسی دوور بکەونەوە و بە یەک ڕا مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن، لەبەر ئەوەی پێشتر زۆر ھەوڵمان لەگەڵ بەغدا دا، کە بە یەکەوە بژین، بەڵام ئەمە ئاسان نییە، چونکە ئامادە نین دەستوور جێبەجێ بکەن، ھەرڕۆژە و بیانوویەک دەخەنەڕوو، تا گەیشتە ئەوەی مووچەی ھەرێمیان بڕی، ئەمەش پێوەندیی بە عەقڵییەتێکی بەغداوە ھەیە، کە تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ئێمە دەرگای گفتوگۆ داناخەین و دانوستان بەردەوام دەکەین، تا ئەگەر نەتوانین بە یەکەوە بین، بتوانین دوو دراوسێی باشی یەکتر بین.''

(سەعد خالید) گوتی: ''ئێستا ناوچەکە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریدا دەرباز دەبێت و کورد گەورەترین میلەتی بێدەوڵەتە، بۆیە ئەمجارە کورد، جگە لەوەی خۆی لە دۆزەکەدا بەشدارە، لە ھاوکێشەکەشدا ژمارەیەکە، بەتایبەتی ھێزی پێشمەرگە، کە کاریگەرترین ھێزی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە و، ئەمەش ھێندەی تر پێگەی کوردی بەھێز کردووە.''

(سەعد خالید) دەڵێ: ''ئەگەر نێوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە، ئەمڕۆ، لە ھەموو کاتێک زیاتر دەرفەت لەبارە بۆ ئەوەی کورد بە خەونی خۆی بگات، بۆیە پێویستە ھەمووان خاوەنی یەک پڕۆژەی نەتەوەیی بین.''

(سەعد خالید) دەشڵێ: ''ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ ئەوەی ھەنگاوی کرداری بۆ بەدیھێنانی ئامانجی خۆمان بەرەو سەربەخۆیی بنێین. دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئێمە ڕەخساوە و مەرج نییە ئەو دەرفەتە بەردەوام بێت و ڕەنگە تا دوو سێ ساڵی دیکە، ئەگەر کورد فریای خۆی نەکەوێت، ئەو دەرفەتە لەدەست بچێت، بۆیە باشترین کاتە بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو بنێین.''
kdp-
Top