فرسەت سۆفی: کارەکانی لێژنەی چاکسازیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت
فرسەت سۆفی، ئەندامی لێژنەی چاکسازی و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "لەگەڵ دەست پێکردنی چاکسازییەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە 10\2\2016، توانیومانە ڕێژەیەکی زۆر لە موڵک و ماڵی گشتی بگەڕێنینەوە، ھەروەھا تا ئەو کاتەی گەندەڵی ھەبێت، لێژنەکانمان لەسەر کارەکانیان بەردەوام دەبن، ھەرچەندە ناتوانرێت بەتەواوی گەندەڵی بنبڕ بکرێت، ھەروەھا لەوانەیە کارەکان لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکدا نەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کارەکانمان نەوەستاون".
ئەوەشی خستەڕوو، لێپرسینەوەکان لە خەڵکی، ھەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە، ھەروەھا بەرپرس و پلە باڵاشی تێدایە، بەڵام ”ناتوانین ناوی ئەو کەسانە بڵێین". گوتیشی: "پێشتر ڕاپۆرت و وردەکاریمان لەسەر کاری لێژنەکانی چاکسازی بڵاو کردەوە، بەنیازیشین لە ئەنجامی ئیشەکانی داھاتوومان ڕاپۆرتێکی تر بەوردی کە زۆر شتی گرنگ لەخۆ دەگرێـت بڵاوبکەینەوە".
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە 10\2\2016، پرۆسەی چاکسازی لەسەرجەم دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و لەماوەی ڕابردووشدا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.
باسنیوز
