مالیکی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی کۆ دەبێتەوە
سەرچاوەیەکی سیاسی لە بەغدا کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: "قسەیەک ھەیە کە مالیکی سەردانی سلێمانی دەکات و کۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی دەکات، بۆ ئەوەی ڕایان لەبارەی دوا ھەڵوێستیان لەسەر ئەو ھاوپەیمانیەتییە بزانێت کە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا دروستی دەکەن".
لەمبارەیەوە د.پەریوان خەیلانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،ڕایگەیاند: "مالیکی دەیەوێت حکوومەتی زۆرینە دروست بکات، ئاماژەی بەوەش داوە کە دەیەوێت لەگەڵ سوننە و ھەندێک لایەنی کوردی، بۆ دروستکردنی حکوومەتی زۆرینە، ڕێککەوێت".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ھاوپەیمانێتییەکەی مالیکی دوورن. باسیشی لەوە کرد کە حزبەکانی دیکە خۆیان لەو چەشنە بڕیارانە بەرپرسیار دەبن. گوتیشی: “مالیکی خۆی ڕای گەیاندووە کە لەگەڵ ھەندێک حزبی کوردستان، گفتوگۆ دەکات".
نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە و لە ماوەی ڕابردووشدا سەردانی سلێمانی کردووە و بەرپرسانی باڵای هەردوو لایەنی بینیوە.
باسنیوز
