ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: سیاسەتی پەکەکە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەکەیە

 ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: سیاسەتی پەکەکە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەکەیە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زۆر نابەرپرسانە ھەڵسوکەوت دەکات و ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەوی دەکات لە بەژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەدایە، نەک گەلی کورد.

عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، ڕایگەیاند: "پەکەکە، زۆر نا بەرپرسانە ھەڵسوکەوت دەکات، ئەو سیاسەتەی ئێستا پەیڕەوی دەکات، لە بەرژەوەندی چەند دەوڵەتێکی ناوچەکە دایە، نەک بەرژەوەندی گەلی کورد و پارچەکانی کوردستان، چونکە ھەموومان دەزانین گۆڕەپانی سیاسیی پەکەکە کوێیە؟، بۆیە نە ئێمە دەمانەوێت دەستێوەردانی ناوچەکانی ئەوان بکەین، نە ڕازیش دەبین ھیچ لایەنێک دەستێوەردان لە ناوچەکانی ئێمە بکات".

ئەو سەرکردەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "دەبێت لەکاتی پێویستدا ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان ھێزە کوردییەکاندا ھەبێت، ئێمەش لە ھێلە نیشتمانییەکان لامان نەداوە".
گوتیشی: "مەسەلەی پەکەکە لە باشووری کوردستان، وەک ئەوەیە کەسێک ماڵەکەی بسووتێت و یەکی دیکە بێت ئاگرەکە بۆ خاوەن ماڵ بکوژێنێتەوە، بەڵام دواتر بڵێت ئەو ماڵە ھی منە".

عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو لایەنانەی ھەرێمی کوردستان، کە قسە لەسەر پەکەکە دەکەن، موزایەداتی پێوە دەکەن بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتییان، ئەوەش سیاسەتێکی ھەڵە و نا تەندروستە، چونکە لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا نییە".











باسنیوز
Top