سەرکردەیەکی پارتی: چاوەڕێی رێککەوتنی باڵەکانی یەکێتین

 سەرکردەیەکی پارتی: چاوەڕێی رێککەوتنی باڵەکانی یەکێتین
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە چاوەڕێی رێککەوتنی باڵەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان.

عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتیمانیی و عێراقییەکانی ئەو حزبە ڕایگەیاند، ئەرێنی بوونی کۆبوونە ناوخۆییەکانی یەکێتی و یەکلابوونەوەی بۆچوونەکان ”لەنێوان باڵەکانی ئەو حزبە“ کاریگەریی لەسەر کۆبوونەوەکانی داھاتووی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و ”ئێمە بۆچوونی یەکێتیمان بەگشتی لەلا گرنگە“.

عەلی حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، کە حزبەکەی چاوەڕێی رێککەوتنی باڵەکانی ناو یەکێتی دەکات، ”ئێستا چاوەڕوانی کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەکەین“ تا بنەمایەک بۆ کۆبوونەوەکان پارتی و یەکێتی دابنێن، چونکە ”ئەگەر بنەمایەک دانەنێین، سەرکەوتوو نابین“.

ئەو سەرکردەیەی پارتی پێیوایە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی ”زەمینە خۆشکەرە بۆ رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە“ و نەبوونی بۆچوونێکی دیاریکراوی ئەو حزبەش بەهۆی ”ئاراستە جیاوازەکانی“یەوە، ”لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نییە“.











باسنیوز
Top