توێژەرێکی کورد خەڵاتێکی نیودەوڵەتیی پێ بەخشرا
بەپێ ئەو هەواڵ و ڕاپۆراتنەی بە ده ستمان گەیشتوون، کامیل ئەحمەدی، نووسەر توێژەری کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیویە خەڵاتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی ژنانی ئێران و کوردی (IKWRO) بۆ خۆی مسوگەر بکات.
ئەم خەڵاتە ڕۆژی چوارشەممەی پێشوو 8ی مارس بەو توێژەرە کوردە بەخشراوە.
خەڵاتی (IKWRO) هەر ساڵە بە یەکێک لە توێژەر و نووسەرانی بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی دەدرێت.
کامیل ئەحمەدی خەڵاتەکەی خۆی بە هەموو قوربانیان و چالاکوانانی بوارە کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش کردووە.
ڕێکخراوی مافی ژنانی ئێران و کورد (IKWRO) لە ساڵی 2002 لەلایەن (ئەیانا نامی) بەڕێوەبەر و جێبەجێکاری هەمان ڕێکخراوەوە دامەزراوە.
ئەرکی (IKWRO) پاراستن و هەوڵدان بۆ دەستبەرکردنی مافی ڕەوای ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستانە، بەتایبەت ئەو ژنانەی لەژێر مەترسیی توندوتیژیی نامووسی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵ، هەروەها خەتێنە کچان و توندوتیژیی خێزانی دان.
کامیل ئەحمەدی، توێژەری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئێستا لە چوارچێوەی چالاکیی مرۆڤناسی و بواری کۆمەڵایەتی و بوارەکانی پەیوەندیدار بە فەرهەنگی ناوچەیی، کۆچبەری، منداڵان و ژنان، مافی کەمینە نەتەوەکان و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات و لە بواری ڕاگەیاندنیشدا پێشینە و ئەزموونی زۆری هەیە.
ئەو توێژەرە کوردە زۆر سەفەری ئەنجام داوە و ئۆگرییەکی تایبەتی بە ئەزموون وتوێژەوە لەبارەی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان، شەڕ و هەژاری هەیە (بەتایبەت لە ناوچەکانی وەکوو ئەفریقا، ئاسیای دوور، بوسنە، تورکیا، ئەفغانستان و عێراق پێش و پاش شەڕ).
ئەم توێژەرە کوردە یەکەم کتێبێ (ڕێنوێنیی سەفەر لە کوردستان)ی بە تیڕوانینێکیکی ئێتنێکی بۆ ١٥ پارێزگای کوردستانی باکووری لە ساڵی 2009 بەناوی (ڕوانینێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە) لە ئیستەنبۆڵ چاپ و بڵاو کردەوە.
ناوبراو لە ئەورووپا لە بواری پەردەدان بە بەرنامە فەرهەنگی و سیاسییە سەربەخۆوە ناوچەییەکان ڕاوێژکار و پاڵپشتی گرووپە نیودەوڵەتییەکان بووە.
باسنیوز
