سەركردەیەكی یەكێتی: ئەمڕۆ نەخشەڕێگاكە پەسنددەكەین

 سەركردەیەكی یەكێتی: ئەمڕۆ نەخشەڕێگاكە پەسنددەكەین
سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشبینی دەكات لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 13-3-2017 ی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا نەخشەڕێگا 8 خاڵییەكە پەسندبكەن، وێڕای ئەمەش گفتوگۆ لەسەر كێشە نێوخۆییەكانیان دەكەن.

لەبارەی ئامادەبوونی سەركردەكان بەتایبەت بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی كە ماوەیەكە بەشداری كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی ناكات، جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی راگەیاند "تاوەكو كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی چارەسەرنەبن، بەرهەم ساڵح بۆ كۆبوونەوەكان ناگەڕێتەوە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی كە نزیكە لە بەرهەم ساڵح ‌و پشتیوانی باڵی "ناوەندی بڕیارە"، باسی لەوەش كرد لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا جگە لە نەخشەڕێگاكەیان، گفتوگۆ لەبارەی كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی دەكەن ‌و گوتی "بە بڕوای من نەخشەڕێگاكە پەسنددەكرێت ‌و گفتوگۆ لەسەر كێشە نێوخۆییەكانی خۆشمان دەكەین، چونكە ناكرێت چیدی گفتوگۆ لەسەر كێشە ناوخۆییەكانمان دوابخەین".

نەخشەڕێگاكەی یەكێتی كە لە 8 خاڵ پێكاهاتووە ‌و "بۆ باشبوونی دۆخی سیاسی ‌و ئابووری هەرێمی كوردستان" ئامادەكراوە، هەردوو باڵی (ناوەندی بڕیار ‌و زۆرینەی مەكتەبی سیاسی) یەكێتی كۆكردەوە، بەڵام لە دوو كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی پەسەندنەكرا‌و چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممەدا پەسندبكرێت.


رووداو
Top