سەرۆك بارزانی و نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ کۆ دەبنەوە

سەرۆك بارزانی و نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ کۆ دەبنەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش کۆ دەبێتەوە.



بڕیارە رۆژی دووشەممە 13.3.2017، برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتیی دۆنالد ترەمپ لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەردانێک بگاتە شاری هەولێر.



برێت مەکگۆرک لە سەردانەکەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕی دژی داعش و داهاتووی شاری مووسڵ لە دوای داعش، دەکەن.



ئێستا بەشی رۆژهەڵات (چەپ) و چەند گەڕەکێکی بەشی رۆژئاوا (راست)ی شاری مووسڵ رزگار کراونەتەوە و پێشڕەویی هێزە عێراقییەکانیش بەردەوامە.



پێشتر برێت مەکگۆرک لە شاری بەغدا رایگەیاندبوو، کە هێزە عێراقییەکان رێگای دەرچوونی چەکدارانی داعشیان گرتووە و چارەنووسی ئەو چەکدارانە تەنیا مردنە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.




باسنيوز
Top