هێزەكەی حەیدەر شەشۆ خرایە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
لە سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال، حەیدەر شەشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، لە نزیك مەزارگەی شێخ شەرفەدین لە چیای شنگال بەرگریی كرد، بۆیە ژمارەیەكی زۆر لە كوردی ئێزدی لە دەوری كۆبوونەوە، دواتر حەیدەر شەشۆ هێزەكەی خۆی لەژێر ناوی هێزی پاراستنی ئێزیدخان كۆكردەوە.
دەمێكە قسە لەسەر بەفەرمیكردنی ئەو هێزە دەكرێ، بەتایبەتی دوای ئەوەی حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی ئەو هێزە بەهۆی ئەوەی یارمەتیی لە بەغدا وەردەگرت، بۆ ماوەی چەند رۆژێك دەستگیركرا. بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشتر بەڵێنیان بە حەیدەر شەشۆ دابوو ئەگەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا بپچڕێنێ، ئەوا هێزەكەی دەكەنە فەرمی و دەیخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
دوای زیاتر لە ساڵێك چاوەڕوانی، رۆژی 12/3/2017 وەزارەتی پێشمەرگە بەڵێنەكەی بردە سەر و بڕیاری دا 1000 چەكداری ئەو هێزە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. بەپێی ئامارەكان، ژمارەی چەكدارانی هێزی پاراستنی ئێزیدخان 4000 كەس دەبن، بۆیە بە فەرمیكردنی ئەو 1000 كەسە ناڕەزایی ئەو كەسانەی لێكەوتەوە كە نەخراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
خدر خالید، 34 ساڵ، یەكێكە لەو چەكدارانەی ناوی لە لیستەكەدا نەبووە، ئەو بە (رووداو)ی گوت "هەر لەسەرەتای هێرشی داعشەوە من لە ریزەكانی ئەم هێزەدام و بە چەكی خۆم شەڕ دەكەم، بەڵام لەبەر ئەوەی من كەسی نزیكی حەیدەر شەشۆ نەبووم، ناوی منی تێدا نەبوو".
پێشتر دەگوترا ئەو هێزە سەر بە حەشدی شەعبییە، بەهۆی ئەوەش كە حەیدەر شەشۆ ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بوو، بە هێزێكی نزیك لە یەكێتی ناوی دەهات، بەڵام حەیدەر شەشۆ هەموو ئەو قسانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت "هەتا هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، من ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بووم، بەڵام دوایی وەكو كوردێكی ئێزدی بەرگریم كردووە، ئەو خەڵكەی هاتوونە چوار دەوری منیش، لەبەر ئەوە نەهاتوونە كە یەكێتیم یان لایەنێكی دیكە، بەڵكو هەموویان هاتوون بەرگری لە شنگال و ئێزیدخان بكەن".
بە گوتەی حەیدەر شەشۆ، هێزەكە بەو مەرجە چووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە كە بە ناو و ئاڵای خۆیەوە بمێنێتەوە. شەشۆ گوتی "وەكو چۆن پێشتر بەبێ لایەنانە بەرگریمان كردووە، هەر واش دەمێنینەوە. ئاڵا و ناو و لۆگۆی تایبەت بە خۆمان هەر دەمێنێتەوە. لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە هێزێكی بێ لایەن دەبین".
سەبارەت بە گلەیی ئەو كەسانەی دەڵێن ناویان نەگەڕاوەتەوە، حەیدەر شەشۆ گوتی "ژمارەی هێزەكانمان 4780 كەسە، ئێستا ناوی 1000 كەس تۆمار كراوە. ئەوانەش ئەو كەسانەن كە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئێمە بوون. ئەمە قۆناغی یەكەمی بە فەرمیكردنی هێزەكەمانە، لە هەفتەكانی داهاتووش ئەوانی دیكە دەبنە فەرمی. من ناهێڵم ماندووبوونی یەك شەڕڤانی ئێزدی بەفیڕۆ بچێ".
حەیدەر شەشۆ، هەروەها دەڵێت "لەمەودوا ئەم هێزە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن، لە شەنگال هەتا خانەقین لە هەر شوێنێ ئەركمان پێبدەن و فەرمانمان پێبكەن، ئامادەین بەرگری لە خاكی كوردستان بكەین".
رووداو
