مەراسیمی رێزلێنانی ئەو قەڵەمانەی کیمیابارانی هەڵەبجەیان نووسیەوە

مەراسیمی رێزلێنانی ئەو قەڵەمانەی کیمیابارانی هەڵەبجەیان نووسیەوە

بەدروشمی (خامەکانتان جێگای ستایشن)، کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە مەڕاسیمێکی رێزلێنانی لە خاوەن قەڵەمەکانی بە جینۆساید ناساندن و نووسەرانی مەرگەساتی ھەڵەبجە رێکخست، تیایدا ٣٦ نووسەر و توێژەر رێزیان لێ نرا.


لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە رایگەیاند "لە ٢٩یەمین ساڵیادی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بیرۆکەی رێزگرتنمان لەو قەڵەمانە جێبەجێ کرد کە توانیویانە تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لە چیرۆکی شایەتحاڵەکانەوە، لە بەڵگەنامە و دۆکیومێنتەکانەوە، بخەنە دوو توێی کتێبەوە تا بۆ نەوەکانی داھاتووی بگێڕنەوە، چونکە بەردەوام شایەتحاڵەکان شەھید دەبن و ئەوەی دەمێنێتەوە، ئەو سەروەریەیە کە ئەم بەڕێزانەی ئەمڕۆ خەڵات کران، کە ھەستاون بەنووسینەوەی ئەو تاوانە بۆ نەوەکانی داھاتوو، زیندوو ھێشتنەوەیەتی وەک خۆی".


لوقمان عەبدولقادر گوتی "ژمارەیەکی بەرچاو لەو بەڕێزانەی بە شێوازی جیاواز کاریان لەسەر ئەرشیفکردنی کیمیابارانی ھەڵەبجە کردبوو بەرھەمەکانیان پێشکەش کردبوو، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ھەڵسەنگاندن بۆ بەرھەمەکان کرا کە تا چەندە بنەماکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی دروست و ئەرشیفکردنێکی زانستیان تێدایە، بەرھەمی ٣٦ بەڕێز بوون کە بەڕێزەوە ئەمڕۆ خەڵات کران، کە بەسوپاسەوە بوودجەی رێزلێنانەکە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە".


محەمەد حەمەسەعید نووسەر و وەرگێڕ كە لەبەر نووسینی کتێبی (گازبارانی ھەڵەبجە و راستی رووداوەکە) خەڵات کرا، گوتی "بەدۆکیومێنتکردنی رووداو و کارەساتەکان گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، نووسینەوەی مێژووی ھەر گەل و وڵاتێکیش لەسەر بنەمای ئەو دۆکیومێنتانەیە کە نووسراونەتەوە، لە وڵاتی ئێمە زۆر بەداخەوە ناوەندێک نییە بەرپرس بێت لە دۆکیومێنتکردنی رووداوەکان و کارەساتگەلی نەتەوەی ئێمە بۆ ئەوەی ببێتە مێژوو بۆ گەلەکەمان، ئەوەی ھەیە ھەوڵی تاکەکەسیە لێرەو لەوێ، ئەوەی تا ئێستە دەربارەی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ نووسراوە کۆمەڵێک خەڵک بەسەربەخۆی خۆی پێی ھەستاوە، لەو روانگەیەی خۆی پێی باش بووە، ھەندێکی ئەکادیمیە، ھەندێکیشی نائەکادیمیە".
bas news-
Top