برێت مەکگۆرک: پێشمەرگە ڕۆڵێکی باڵای لە تێکشکاندنی داعش ھەبووە

برێت مەکگۆرک: پێشمەرگە ڕۆڵێکی باڵای لە تێکشکاندنی داعش ھەبووە
نوێنەری تایبەتی دۆناڵت ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە توانیویانە 180 سەرکردەی داعش بکوژن و پێشمەرگەش ڕۆڵێکی باڵای لە تێکشکاندنی داعش ھەبووە.



برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی دۆناڵت ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا، ڕایگەیاند: "نزیکەی 65% خاکی داگیرکراوی دەست داعش ئازاد کراوە، بەھۆیەوەش 2 ملیۆن عێراقی لە دەستی داعش ڕزگار کراوە، ئەوەش بە ھەماھەنگی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بووە، کە سەرکەوتووانە کاریان کردووە".


ھەر لەو کۆنگرەیەدا، مەکگۆرک، ئەوەشی خستەڕوو: "پێشمەرگە ڕۆڵێکی باڵای لە تێکشکاندنی داعش ھەبووە، چەندین ناوچەی دەروبەری مووسڵی ڕزگارکرد و ھەروەھا لە بەشێکی ناو مووسڵیش بەشدار بوو، بە ھاوپەیمانی ھەموو لایەک زیاتر لە 180 سەرکردە و کەسایەتی نزیک لە بەغدادی، سەرکردەی داعش کوژراوە، شوێنە گرنگەکانی مووسڵ ئازادکراون، ئێمە بەردەوامیش دەبین لەو شەڕەدا و دوای شەڕیش زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانە دانراوە".



نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، لە ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعشدا، جەختی لەوەش کردەوە: "زۆر سوپاسی پێشمەرگە دەکەم و ھاوکاری باشیان لەگەڵ ئەمەریکا ھەبووە، شانازیان پێوە دەکەین و پابەندنی بارودۆخی بنەما مرۆییەکان بوونە و یارمەتیدەری ئاوارەکان بوونە و خزمەتێکی باشی خەڵکی مووسڵیان کردووە".
bas news-
Top