کوردەکانی بەغدا لە لایەن حکوومەتی ناوەندەوە ڕووبەڕووی فشار بونەتەوە
ئەندامە کوردەکەی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کوردەکانی بەغدا، لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە و لە پڕۆسەی دامەزراندن بێ بەش کراون.
فوئاد عەلی ئەکبەر، ئەندامە تاقانە کوردەکەی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 12/3/2017، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کوردەکانی بەغدا، لەلایەن حکوومەتی ناوەندەوە ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە و ئەو تایبەتمەندییەیان لە پێش چاو ناگیرێت کە ساڵانی حەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، زۆرینەیان بە ھۆی سیاسەتی تەعریبەوە ئاوارەی بەغدا بوون".
ئەندامە کوردەکەی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، ئەوەشی خستەڕوو: "فشارەکان بریتین لەوەی کە کوردەکان ئەگەر بە نموونە ڕووبەڕووی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، یان ئیداری ببنەوە، لە بری ئەوەی ھاوکاری بکرێن، بە پێچەوانەوە فشار دەخرێتە سەریان".
ئاشکراشی کرد: "ھاوکات کورد لە بەغدا بێ بەش دەکرێت لە دامەزراندن و لە ئیمتیازاتی حکوومەت، بە بێ ئەوەی ھیچ لایەنێک لەو بارەوە ھەڵوێست دەربڕێت".
bas news-
