ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای هێوركردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ توركیا دەكات

ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای هێوركردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ توركیا دەكات
بۆرەن جاگلاند سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئەورووپا رایگەیاند ئەم دۆخەی ئێستەی نێوان توركیا و وڵاتانی ئەوروپا، زیان بە دیموکراسی و دیپلۆماسی دەگەیەنێ. ناتوانن ئیتر رێگە بە بەرزبوونەوەی ئەم ئاڵۆزییە بدەن.


سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئەورووپا بۆ چارەسەری گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ھەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ تورکیا، بانگەوازی دانوستانی بۆ لایەنەکان کرد.


جاگلاند لە راگەیەندراوێکدا گوتی "ئەم دۆخە زیان بە دیموکراسی و دیپلۆماسی دەگەیەنێت. ناتوانین ئیتر رێگە بە بەرزبوونەوەی ئەم ئاڵۆزییە بدەین. وێڕای ئەوەی پێویستە لەبارەی گۆڕانکاری دەستوور وەک پێویست دەرفەت بدرێت کە ھاووڵاتیانی تورکیا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات زانیاری پێ بدرێت، لە ھەمان کاتدا دەبێت کەمپینی گشتپرسی بەشێوەیەکی روون و دادپەروەرانە بێت".


سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئەورووپا بە پێویستی زانی بەرپرسانی تورکیا بۆ کەمپینی گشتپرسی لە دەرەوەی وڵات، لە ھەماھەنگی نزیکدا بن لەگەڵ ھاوتا بیانییەکانیان و زیاتر گوتیشی "پێویستە لایەنەکان ھاوڕابن لەسەر بونیاتنانی دانوستان بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکییانە. ھاوکات پێویستە رێگە بە زەمینەی پێویست بۆ ئامادەکاریی ئیداری بدرێت".


سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئەورووپا ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە کۆبوونەوە و کەمپینی سیاسی لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا، بەگوێرەی جارنامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بەڕێوە بچێت.
bas news-
Top