لە دێریکدا ئەنەکەسە یادی ١٢ی ئاداری بەردەوامی پێدا

 	 لە دێریکدا ئەنەکەسە یادی ١٢ی ئاداری بەردەوامی پێدا
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی خۆجێی (ئەنەکەسە) لە دێریکی ڕۆژئاوای کوردستان، بە دروشمی ''شەهیدان نامرن''، ڕێپێوانێکیان بۆ سەر مەزاری شەهیدانی ڕاپەڕینی قامیشلۆ ڕێکخست و گوێیان بە هەڕەشەکانی (پەکەکە) نەدا و یادەکەیان بەرز ڕاگرت.

سەرباری ئەوەی کە (پەکەکە) لە ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی نەیەڵێت خەڵک یادی ١٢ی ئادار بکەنەوە، جووڵەی بە هێزەکانی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ، (ئەنەکەسە) لە دێریک ڕێپێوانێکی بۆ سەر مەزاری شەهیدانی قامیشلۆ ڕێکخست، کە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن ڕژێمی سووریاوە شەهید کران. لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی ''شەهیدان نامرن'' گوترایەوە و ئاڵای کوردستانیش هەڵکرا. سەبارەت بەو ڕێپێوانە (تۆرین شەمدین)، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێی (ئەنەکەسە) لە دێریک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''خەباتمان بۆ ئازادی کردووە، نامانەوێت ژێردەست بین، گەلی ڕۆژئاوای کوردستان چاوکراوەیە و ڕێ بە هیچ هێزێک نادات، سەرکوتی بکات.''

ئەندامەکەی (ئەنەکەسە) گوتی: ''ئێستا هێزی جەماوەریی (ئەنەکەسە) بەرەو هەڵکشان دەڕوات، هێزێک لە قووڵایی جەماوەری شۆڕشیگێڕەوە هەڵقوڵابێت، قەت پاشەکشە ناکات، سەرباری ئەوەی بە ئاگر و ئاسن لێمان دەدەن، کەچی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جەماوەری (ئەنەکەسە) فراوانتر دەبێت.''

(تۆرین شەمدین) گوتیشی: ''لە یادی سەرهەڵدانی قامیشلۆدا پەیامێکمان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بۆ ئازادی تێکۆدەشین و هەمیشە یادی شەهیدان دەکەینەوە و بەگری لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئاڵای کوردستان دەکەین.''
kdp-
Top