دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکارییەکانی دەگەیەنێتە کەمپەکانی وڵاتی سربیا
دوای ئاگاداربوون لە بارۆدوخی پەنابەران لە شاری پرێشیڤو لە وڵاتی سربیا لە لایەن رێکخراوی Border free association for human rights لە ڕۆژی چوارشەممە 8/3/2017 شاندێکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەردانی 2 کەمپیان لەو وڵاتە کرد کە بەشێک لە دانیشتوانی کەمپەکە خەڵکی ھەرێمی کوردستانن و نزیکەی 51 بنەماڵەی کوردی تێدایە.
مەبەستی سەرەکی ئەم سەردانە بریتی بوو لە بەشداریکردن لە دروستکردن و بە دواداچوون بۆ پرۆسەی دروستکردنی قوتابخانەیەک بۆ منداڵانی ناو کەمپ و ھەروەھا ئاگاداربوون لە بارودۆخی پەنابەران لە سێربیا.
لە سەردانی یەکەمی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کەمپی پرێشیڤۆیان بەسەرکردەوە، ئەم کەمپە دەکەویتە 30 کیلۆمەتری سەر سنووری مەگدونیە لەگەڵ وڵاتی سربیا، لەلایەن حکوومەتی سربیاوە بەڕێوە دەچێت و ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکە نزیکەی 750 کەس دەبن کە 41 بنەماڵەی کوردی تێدا نێشتەجێن و ژمارەیەکی زۆرتری پەنابەری فارسیان تێدا کۆکراونەتەوە، لەگەڵ ھاوڵاتیانی ئەفغانی، سووری و ھەندێک وڵاتی عەرەبی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەڕێگەی ھاوکاری رێکخراوی Border free association for human rights بە مەبەستی دروستکردنی بەشێک لە قوتابخانە یاخود سەنتەرێکی ڕۆشنبیری بۆ منداڵانی ناو کەمپەکە بۆ خویندن و ھەروەھا ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر بە بڕی 5 ھەزار یۆرۆ، پێڵاو و پێداویستییان بۆ منداڵانی کەمپەکە دابین کرد.
ھەر لەدرێژەی سەردانەکەی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەکەمپەکانی وڵاتی سربیا، سەردانی کەمپی بۆیانۆڤایان کرد، ئەم کەمپە کە دانیشتوانەکەی 222 کەس پێکھاتووە دەکەویتە 50 کیلومەتری سنووری سربیا، 11 بنەماڵەی کوردی تێدایە، جیا کە کەمپەکەی دیکە ھێچ خزمەتگۆزاری تیدا نییە، دانیشتوانی ئەم کەمپە زیاتر لە 6 مانگ دەبێت نیشتەجێ کراون و بە دەست بەدخۆراکی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەنالێنن.
بارۆدوخێکی لە ڕادەبەدەری خراپ لەو کەمپەدا ھەیە، بۆ ھەر دوو خانەوادەیەک ژوور دابین کراوە کە بۆ ژیان شیاو نییە، لە کاتی سەردانی شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ ئەو کەمپە دانیشتوانی کەمپ بە گشت نەتەوەکانەوە باسیان لەو بارودۆخە ناخۆشەی ناو کەمپ دەکرد و داواکاربوون کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، زیاتر یارمەتیان بدات چی لە ڕووی مرۆیی و چی لە ڕووی چارەنووسیانیشەوە.
لەو سەردانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەستا بە دابینکردنی Hygienic kits بۆ ئافرەتان و پیاوان کە پێکھاتبوولە پێداویستی پاککەرەوەو کەرەستەی تایبەت بە ئافرەتان و جلوبەرگی دیکە، لەگەڵ دابینکردنی جلوبەرگ و پێڵاوی منداڵان.
لەوبارەوە ئەسکەندەر ساڵح، نێردەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سربیا، ڕای گەیاند: "دانیشتوانی کەمپەکە زۆر خۆشحاڵبوون بە یارمەتیدانانە و باسیان لەوە دەکرد کە ھەندیکجار بۆ ماوەی زیاتر لە 10 رۆژ ھێچ جۆرە پاککەرەوەیەکیان بۆ خۆشۆردنیان پێنادرێت و زوور سپاسی دەزگایان کرد، بۆ ھاوکاری ماددی و بە تایبەت لە رووی مەعنەوییەوە".
باسنيوز
