پەڕلەمانتارێکی پارتی: فراکسیۆنە کوردییەکان لە دیاریکردنی بودجەی پێشمەرگەدا بێ ھەڵوێست بوون
شاخەوان عەبدولڵا، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "زۆر ھەوڵمان دا کە لە بودجەی ساڵی 2017ەدا بودجەیەکی تایبەت بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە لە دەرەوەی بابەتی ھێزەکانی سوپای عێراق دیاری بکەین، ئەوەبوو توانیمان تا قۆناغێکی زۆر باش لەو ھەنگاوە بچینە پێشەوە، ھەروەھا توانیمان بابەتەکە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەرباز بکەین، بەڵام کە کارەکە گەیشتە ھاوپەیمانی نیشتمانی، ئەوان دیاربوو نیەتی ئەوەیان نەبوو کە ئەو بابەتە بۆ پێشمەرگە بکەن".
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "دەبوو وەک فراکسیۆنە کوردییەکان، ھەڵویستی خۆیان لە بەرامبەر ڕەتکرنەوەکەدا ھەبووایە و ھۆڵی کۆبونەوەکانیان جێ ھێشتایە، بەڵام جگە لە فراکسیۆنی پارتی و جێگری فراکسیۆنی یەکێتی، ئەویش وەک کەس، ئەوانی دیکە ھەڵوێستی ئەوتۆیان نەبووە، ھەروەھا دەتوانرا لە دادگای فیدراڵی سکاڵا بکەین".
ئاشکراشی کرد: "ھێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، مەترسی بۆسەر ئایندەی ناوەچەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە ئەو ھێزانە ھێزێکی تایفین و ھێزێکی نیشتمانی نین، تاکۆ ھەموو پێکھاتەکانی عێراقی لەخۆ گرتبێت، بۆ دەربازبوون لەو مەترسیانەش پێویستە ناوماڵی کورد یەکبخرێت، ھێزەکانی پێشمەرگە ڕێک بخرێتەوە، تۆکمەتر و پڕچەکتر بکرێن، بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەکان پێویستە خەندەق لێبدرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر ھێزێکی تر جگە لە داعش ویستی ببێتە مەترسی بتوانن پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستان بکەن".
شەخەوان عەبدوڵا، ئاماژە بەوەش دەکات، ھەرکەسێک بابەتی کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەی ئێستا تێیدان بوروژێنێت، پێویستە بچێتە لای حەیدەر عەبادی قسە بەکەن و دەقی ڕێکەوتن نامەکەی پێش 17ی دە ببین، کە بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان کراوە، ھەتا ئەو سنورانەی پێش ئەو ماوەیە کە کەرکووک و مەخمور و سنجارە، تا ئەو ناوچانە یەکلای دەکرێتەوە ئەو ھێزانە لەو ناوچانە دەمێنننەوە. ناوچەکانی دوای ڕێککەوتنەکەش کە لە لایەن پێشمەرگەوە گیراون بڕیارە ھاووڵاتییانی ناوچەکە خۆیان بڕیار بدەن کێ لەو ناوچانەبێت.
باسنیوز
