عەزیز وەیسی: قەندیل بە ساڵح موسلیمیان گوت ڕێگە بە چوونی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوا نەدات
ئەمڕۆ یەکشەممە 12\3\2017، عەزیز وەیسی، فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لە میانی پێشکەشکردنی وتەیەکیدا ڕای گەیاند، لە کاتێکدا شەڕ لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بوو، سەرجەم هێزەکانی ڕۆژ بران بۆ ناوچەی (پیشخابوور) لە سنووری نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. گوتیشی: ”چوومە لای ساڵح موسلیم، پێمگوت ئێمە بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی لێرەین و ئێمەی ناردووە تا لەگەڵتان ڕۆژئاوا بپارێزین. پێمانگوتن کە هەر کەسێک هەڕەشە لە کوردان بکات، ئێمە ئامادەین وەڵامی بدەینەوە، بۆیە دەمانەوێت هێزی ڕۆژ بەڕێ بکەین، چونکە ئەوانە باشتر ئامادەکراون و مەشق و پەروەردەیەکی باشیان بینیوە. ئەگەرنا ئامادەین سەرجەم هێزی زێرەڤانی بهێنین و بەرگری لە خاکی کوردستان بکەین. ئەوە گوتەی من بووە و پێم خۆشە وەڵامی هەبێت“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کە باڵی سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، گوتوویەتی: ”ئەوە زۆر باشە و من وەکوو کەسێک ئەو هەڵوێستەی بارزانی بەرز دەبینم، هەندێکی دیکە وەڵامت دەدەمەوە، بەڵام پاش 10 خولەک ڕۆشت و گەڕایەوە و پەیوەندی بە قەندیلەوە کرد، دواتر گوتی سوپاستان دەکەین، بەڵام پێویستیمان بە لەشکر نییە و باشترە بە چەک و تەقەمەنی هاوکاریمان بکەن“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئێستەش و پێشتریش، هیچ هێزێک لە لەشکری ڕۆژ دڵگەرمتر نەبوون تا بچن بەرگری لە ڕۆژئاوا بکەن. ئەگەر ڕێگەیان دابووایە، زۆر شت کە بەسەر کورداندا هاتن، لەوانەبوو ڕووی نەدایە. گوتیان قەبوڵ ناکەین و دوای داعش شەڕی پێشمەرگە دەکەین. بەڵام سەرۆک بارزانی گوتی، بە لەشکری ڕۆژ بڵێ، با سەبر بکەن، با شەڕەکە نەبێتە شەڕی نێوان کوردان“.
فەرماندەی پێشمەرگەی زێرەڤانی جەختی لەوە کردەوە کە پەیەدە ڕۆژانە سووکایەتی بە کوردانی ڕۆژئاوا دەکەن و دەستگیرکردنی هەرەمەکی بەردەوامە و پرسیاری ئەوەی کرد: ”ئەنەکەسەش مافی ئەوەی نییە هێزی خۆی هەبێت؟ دەبێت ئەوان بە خۆیاندا بچنەوە و بزانن کە لە ڕێگەیەکی هەڵەدان. ئێمە دەمانەوێت بەهێز بن و ئەوان لەگەڵ لەشکری ڕۆژ بەهێزتر بن و هیچ هێزێک نەتوانێت بەرەو ڕوویان بوەستێتەوە“.
ئاماژەشی بەوە کرد کە کورد پێویستی بە یەکگرتن هەیە و ئەگەر ئەمە بکرێت، مافی هەزاران ساڵەی ئەو گەلە بە دەست دێت. دووپاتیشی کردەوە: ”ئێمە نامانەوێت شەڕ لەگەڵ پەکەکە بکەین و ناوماڵی کورد بەو شەڕە وێران دەبێت، ئەگەر ئەوە بکەین، زیانێکی 100 ساڵە لە کورد دەدەین. دڵی ئێمەش دەسووتێ کە کوردێک بە دەستی کوردێک بکوژرێت“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی 3\3\2017، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕێگەی هێزەکانی لە شنگال، شەڕی لە دژی پێشمەرگەی ڕۆژ کە هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانییە، هەڵگیرساند و دواتر سەعید حەسەن، فەرماندەی پەکەکە لە شنگال، بە کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە مالیکی ڕاگەیاند: ”شەڕەکە بە ڕێگەی کاتی ڕاگیراوە و خۆمان بۆ شەڕێکی گەورەتر ئامادە دەکەین، ئێمە هێزێکی عێراقین و ڕێگە نادەین شنگال بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەندرێت“.
باسنيوز
