لێژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان: بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا نەگونجاوە

 لێژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمان: بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا نەگونجاوە
لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە نەگونجاو دەزانێت و ئەوە ڕادەگەیەنێت کە بڕیارەکە هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی زانکۆکان دروست ناکات.

ئایدن مەعرووف، ئەندامی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، لێژنەکەیان ئاگاداری ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا نییە و ”هیچ ڕاوێژێکیان پێ نەکراوە“، بە پێویستیشی زانی لەم بڕیارانەدا ڕاوێژیان پێ بکرێت.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دەرکردنی ئەو بڕیارە لە لایەن ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ”لەم کات و ساتەدا نە گونجاوە و نە پێویستیشە“. گوتیشی: ”ئەو بڕیارە هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی خوێندن و زانکۆکاندا دروست ناکات، بۆیە بەدواداچوونی بۆ دەکەین“.

لەلایەن خۆیەوە، فەرحان جەوهەر، سەرۆکی لێژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و هونەر لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند، بەپێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان، زمانی کوردی زمانی فەرمییە لە هەرێمی کوردستان لە پاڵ زمانی عەرەبی، بەڵام حاڵەتێکی (ئیستیسنا) داندراوە بۆ کۆلێژە زانستییەکان کە بەهۆی ئەوەی ئینگلیزی زمانی زانستە، زمانی ئینگلیزیش بایەخی پێ بدرێت.

پێشتر د. نەریمان عەبدوڵا، سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی بنەڕەتیی زانکۆی سەڵاحەدین، ڕایگەیاندبوو: "ئەو بڕیارەی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەرکراوە، بۆ پۆلی 12ی ئامادەییە، بڕیارێکی زۆر ھەڵەیە، ھاوشێوەی سەردەمی ڕژێمی بەعسە کە وانەی کوردی کراوەتە وانەیەکی ئارەزوومەندانە، چونکە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان یاسای زمانە فەرمییەکانمان ھەیە، بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵاش دژی ئەو یاساییە".

لە بەرامبەردا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئەوەی ڕاگەیاند کە بڕیارەکە بە واژووی وەزیری خوێندنی باڵا دەرنەکراوە، بەڵکو بە واژووی ئەنجومەنی وەزارەتەکە بووە و کۆلێژەکانی (پزیشکی، ئەندازیاری و زانست) دەگرێتەوە.







باسنیوز
Top