محه‌مه‌دی مەلا که‌ریم نووسەری ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد

 محه‌مه‌دی مەلا که‌ریم نووسەری ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد
شەوی ڕابردوو له‌ شارى سلێمانى نووسه‌ر و رۆشنبیرى ناسراوی کورد محه‌مه‌دی مەلا که‌ریم، كوڕی مامۆستا عەبدولكەریمی مودەریس دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد .



لە 14-8-1931 لە ناحیەی بیارە لەدایک بووە، محەمەد كوڕی مامۆستا عەبدولكەریمی مودەریسە كە خاوەنی چەندین نووسین، ساغکردنەوە و لێکۆڵینەوەی دیوانی شاعرانی کلاسیکی کورد وەرگێڕانی زمانەوانی جۆربەجۆر بووە، كەسێكی كوردپەروەر بووە و هەر بەو هۆیەشەوە لەو ماوەیەی كە لە شاری بەغدا ژیاوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوكاتەی ڕژێمەوە لەڕووی بڵاوكردنەوە و نووسینەكانییەوە ڕیگری زۆری لێ كراوە.



ئەم نووسەرە بەردەوام گرنگی داوە بە نووسین و شرۆڤەی شیعری كلاسیكی کوردی و بەتایبەت دیوانی (مەحوی) كە لەگەڵ باوكیدا مامۆستا عەبدولكەریمی مودەریس بەردەوام بوون لە وەرگێران و لێكدانەوەی شیعر و دەقی كوردی بەو هیوایەی كە زۆرترین بەرهەمی كوردی كۆ بكەنەوە.



محه‌مه‌دی مەلا که‌ریم، شارەزایی تەواوی زمانەكانی فارسی و عەرەبی بووە، هەروەها شارەزاییەكی تەواوی لە زاراوەی هەورامیدا هەبووە و ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە لەدایكبووی ناوچەی هەوارمان بووە و توانیویەتی ئەو نووسین و شیعر و دەقە كۆنانەی كە بەو زاراوەیە نووسراون، وەریانگێڕێتە سەر زاراوەی سۆرانی، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام هەوڵی بەرەوپێشبردنی ئەدەب و نووسینی كوردی داوە.



محەمدی مەلا کەریم، ڕۆڵێكی زۆری لە ڕێكخستن و دووبارە داڕشتنەوەی شیعرەكانی مەولەویدا هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵێكی زۆری هەبووە لە دووبارە پێداچوونەوە لە دیوانی "شیرین و خوسرەوی" خانەی قوبادی كە بە هەورامی نووسراوە.



ئەم نووسەرە بەردەوام بووە لە نووسین و گرنگیدان بە ئەدەب و زمانەوانیی كوردی و وەرگێرانی دەقەكان و پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی زانیاری لەسەریان، بە جۆرێك كە چەندین جار لە شاری بەغداوە و لەسەر تێچوونی تایبەتیی خۆی نووسین و دەقی كوردی ناردووە بۆ ڕۆژنامە و نووسەرە كوردەكان لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان و عێراق.



محەمەدی مەلا كەریم یەكێكە لە نووسەر و بیرمەندە گەورەكانی كوردستان، كە خاوەنی چەندین نووسین و كتێب بووە، هەروەها چەندین جار خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە.



بڕیاره‌ له‌ ڕێوڕەسمێکدا محەمەدی مەلا کەریم ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ى ئازار له‌ مزگه‌وتى حاجی ئەحمەد "ئەحە سوور"ی سلێمانی بەڕێ بکرێت بۆ گۆڕستان و بە خاك بسپێردرێت.



بە هاوبەشی لەگەڵ باوکی دیوانەکانی "نالی، مەحوی،، سالم و بێخود"ی ساغ کردووەتەوە و کتێبێکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی حاجی قادر کۆیی هەیە و لەبارەی زمانی کوردی چەندین کتێبی دیکەی هەیە.








باسنيوز
Top