خورماتوو.. ھاووڵاتیان داوای جێبەجێکردنی بڕیارێکی ئەنجومەنی شارۆچکەکەیان دەکەن
ھاووڵاتیانی شارۆچکەی خورماتوو، داوای جێبەجێکردنی بڕیارێکی ئەنجومەنی شارۆچکەکەیان لە سەر دیاریکردنی کات و نرخی مۆلیدە ئەھلییەکان دەکەن.
محەمەد فایەق، گوتەبێژی قایمقامیەتی شارۆچکەی خورماتوو، ڕای گەیاند: "ئەمڕۆ شەممە 11/3/2017 ھاووڵاتیانی خورماتوو، داوای ڕاستکردنەوە و جێبەجێکردنی بڕیاری دیاریکردنی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان کرد و ناڕەزاییان لە پابەند نەبوونی خاوەن مۆلیدەکان دەربڕی".
گوتەبێژی قایمقامیەتی شارۆچکەی خورماتوو، ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر بە نووسراوی فەرمی، نرخ و کاتی مۆلیدە ئەھلییەکان خورماتوو دیاری کرا، بەپێی بڕیارەکەش دەبێـت خاوەن مۆلیدەکان، کاتژمێر 4 کارەبا بە ھاووڵاتیان بدەن، بەڵام ئێستا بەشێک خاوەن مۆلیدەکان لە دوای کاتژمێر 5 مۆلیدەکانیان بە کار دەخەن و کارەبا بە خەڵکەکەی دەدەن، بۆیە ھاووڵاتیان داواکارن ھەموو خاوەن مۆلیدەکان بە بڕیارەکەوە پابەندبن".
پێشتر لە 1/3/2017 ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو، بڕیارێکی تایبەت بە کات و نرخی کارەبا لەو شارۆچکەیە دەرکردبوو، کە نرخی ھەر ئەمپێرێک بە 5 ھەزار دینار دانرا بوو، لە کاتژمێر 4ی ئێوارەشەوە کارەبا بە ھاووڵاتیان ئەو شارۆچکەیە بدرێت.
bas news-
