وەزیری تەندروستیی عێراق داوای بڕینی بەشەدەرمانی هەرێمی کردووە؛ فڕاكسیۆنی پارتی: ''لێی قبووڵ ناکەین''
بەھیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت بەشەدەرمانی ھەرێم ببردرێت، چونکە ئاوارەیەکی زۆری مووسڵ لە ھەرێمی کوردستان ھەن و دەرمانێکی زۆر بۆ ئەوان دابین دەکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، (د. عەرەفات کەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''وەزیری تەندروستیی حکوومەتی عێراق، نووسراوێکی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە و گوتوویەتی، مادام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوت ناداتە بەغدا، بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان ببڕن، کە لە بوودجەی حاکیمە دەدرێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پرسە کردووە.''
(د. عەرەفات کەرەم) گوتی: ''لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان، سبەی لەگەڵ وەزیری تەندروستی لەسەر ئەوبابەتە گفتوگۆ دەکەن و ئەندامانی ئێمە بە ھیچ شێوەیەک ئەو پێشنیارە قبووڵ ناکەن، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی مووسڵ لە ھەرێمی کوردستان ھەن و بڕێکی زۆریش دەرمان بۆ ئەو ئاوارانە دابین دەکرێت، بۆیە ھێشتا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە و پێشنیاری بڕینی کراوە.''
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕوونی کردەوە: ''ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ کرا، ئێمە وەزیری تەندروستی بانگھێشت دەکەین بۆ پەرلەمان و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەین، بۆیە جارێ گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەکرێت و ھێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، کە ڕەنگە سبەی یەکلایی بێتەوە.''
kdp-
